ساڵانە و لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا بازاڕی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت بازاڕی خواردن و خواردنەوەکان گەرمتر دەبن، شەربەت یەکێکە لەو خواردنەوانەی لە مانگی رەمەزاندا خواست و داواکاری زۆری لەسەر دەبێت و دوکاندارەکان رۆژانە بڕێکی زۆر شەربەت بەتایبەت شەربەتی مێوژ دەفرۆشن.
لە شاری سلێمانی ژمارەیەکی زۆر دوکانی فرۆشتنی شەربەت ھەیە، بەشێکی زۆری ئەو دوکانانە بە ھۆی زۆری خواست لەسەر بەرھەمەکانیان لەم مانگەدا کاتێکی زیاتر کار دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە داواکاری زۆری شەربەتیان لەسەرە و ناتوانن بەو داواکارییە زۆرەی کڕیارەکانیان رابگەن.
سدیق محەمەد خاوەنی شەربەتی سەرگەڵووە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، رۆژانە بە بەردەوامی ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی لەبەردەم دوکانەکەی وەستاون و گوشارێکی زۆریان لەسەرە بۆ داواکردنی شەربەت.
ئەو لە بارەی فرۆشتنی شەربەت لە مانگی رەمەزاندا وتی: “لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا گوشارێکی گەورەمان لەسەرە و بە بەراورد بە رۆژانی پێش رەمەزان جیاوازی زۆر گەورە ھەیە لە ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانمان دەکەن و داوای شەربەت دەکەن، بەجۆرێک ئەگەر پێشتر رۆژانە دوو سەتڵ شەربەتمان فرۆشتبێت ئێستا زیاتر لە بیست سەتڵ دەفرۆشرێت”.
لەنێو دوکانە بچووکەکەی سدیق-دا چەند کەسێک لە کاتژمێر ١٢ شەوەوە دەست بە کارکردن و دروستکردنی شەربەت دەکەن و تا کاتی بانگی ئێوارە بەردەوام دەبن لە کارکردن، سدیق وتی: “لە کاتی بەیانیاندا لە قەزاو ناحیە و گەڕەکەکانی سنووری سلێمانی سەردانمان دەکەن و بە جوملە و بە دەبەی گەورە شەربەت دەبەن بۆ فرۆشتنەوە، پاش نیوەڕۆوانیش ژمارەیەکی زۆر خەڵک دێن و زۆرجار گرژی و ئاڵۆزیش دروست دەبێت و بەو شێوەیە شەربەت دەبەن”.
لەنێو جۆرەکانی شەربەتدا شەربەتی مێوژ کە لە رووی تەندروستییەوە سوودی زیاتری بۆ مرۆڤ ھەیە، زیاتر لە جۆرەکانی تر داواکاری لەسەرە و زۆربەی شەربەت فرۆشەکان زیاتر لەم جۆرە شەربەتە بەرھەم دەھێنن.