عێراق له‌ ریزبه‌ندی ئه‌و ٤٠ وڵاته‌ی یه‌كه‌مه‌ كه‌ زۆرترین یه‌ده‌گی زێڕیان هه‌یه‌


ئه‌نجوومه‌نی جیهانیی زێڕ  راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی زێڕ له‌ جیهاندا بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئه‌وه‌ هاتووه‌ عێراق له‌نێو ٤٠ یه‌كه‌م وڵاتدایه‌ له‌ یه‌ده‌گی زێڕ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتووه‌” عێراق ٩٦،٣ تۆن زێڕی هه‌یه‌”.

بە گوێرەی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ عێراق له‌ ریزبه‌ندی ئه‌و ٤٠ وڵاته‌ی یه‌كه‌مه‌ كه‌ زۆرترین یه‌ده‌گی زێڕیان هه‌یه‌، به‌دیاریكراویش توانییه‌تی به‌ بڕی ٩٦،٣ تۆن زێڕه‌وه‌ ریزبه‌ندی ٣٨مین بگرێت و ئه‌و بڕه‌ زێڕه‌ی عێراق هه‌یه‌تی رێژه‌ی ٦ له‌سه‌د له‌ سه‌رجه‌م یه‌ده‌گه‌كانی عێراق له‌ كۆی یه‌ده‌گی گشتی پێكده‌هێنێت.

هاوکات ئه‌نجوومه‌نی جیهانیی زێڕ ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌ كه‌ “ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ریزبه‌ندی یه‌كه‌می له‌نێو وڵاتاندا گرتووه‌ له‌ زۆرترین یه‌ده‌گی زێڕ كه‌ خاوه‌نی ٨ هه‌زار و ١٣٣ تۆنه‌، پاش ئه‌ویش به‌ ٣ هه‌زار و ٣٦٩ تۆن زێڕه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا پله‌ی دووه‌می گرتووه‌، هاوكات شه‌ش وڵاتی عه‌ره‌بیش له‌نێو ئه‌و ٤٠ وڵاته‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی زۆرترین یه‌ده‌گی زێڕن له‌ جیهاندا، ئه‌وانیش سعوودیه‌، لوبنان، جه‌زائر، لیبیا، عێراق، كوێت.