قوباد تاڵەبانی و شاندێكی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا گەیشتنە هەندێك لێك تێگەیشتن

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و شاندێكی وەزارەتی دارایی فەرەنسا گەیشتنە لێك تێگەیشتن بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم لە بوارەکانی چۆنیەتی گەڵاڵەكردنی بودجە و وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەکان و رێكخستنەوەی باجەكان لە قۆناغی داهاتوودا.

لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا كە ئەمڕۆ 7 ئایار 2019 لە هەولێر لەنێوان قوباد تاڵەبانی و شاندێکی بەشی هاوكاری نێودەوڵەتی وەزارەتی دارایی فەرەنسا بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران داوایكرد فەرەنسییەكان هاوكاری حكومەتی هەرێم بن لە داڕشتنی پرۆژە یاسای بودجە و چاودێریكردنی خەرجییەكان و چۆنییەتی وردبینیكردنیان، شاندەکەی فەڕەنساش لای خۆیانەوە بەڵێنیاندا لەماوەی دوو مانگدا بۆ راوێژدان بە حکومەتی هەرێم پسپۆڕەکانی خۆیان بنێرنە هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە بۆ نەهێشتنی كورتهێنانی بودجە حكومەت پێویستی بە ڕاهێنانی كارمەندەكان و هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكان هەیە كە هەندێكیان مێژووی دەركردنیان دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی چلەكان و لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئێستادا نایەنەوە.

لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە بە ئەلەكترۆنیكردنی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و چاكسازیكردن لە شێوازەکانی كۆكردنەوەی باج کردەوە كە كێشەیەكی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندە لەیەك كاتدا.

بڕیاردرا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی كابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا فەڕەنسییەكان سیمینارێكی گەورە لەگەڵ حكومەت رێكبخەن بۆ یارمەتیدانی هەرێم لە دۆسیە داراییەكانی پەیوەست بە بودجە و خەرجی بەشێوەیەكی دروست.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گرنگی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گوزار بە شێوەیەک کە دەبێت لە بودجەكانی داهاتوودا گرنگی تەواو بەم دوو کەرتە بدرێت و كۆتایی بەو پەراوێزخستنە بهێنرێت كە لە دواین پڕۆژەی بودجەدا تەنها 2% بودجە بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخانكرابوو.

ئەم كۆبوونەوەیە درێژكراوەی كۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی قوباد تاڵەبانییە لەگەڵ شاندێكی فەڕەنسی و بەشێكە لە هەوڵەكانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ هێنانی راوێژكاری بیانی بە مەبەستی چاكسازیکردن لە كەرتی دارایی هەرێمی كوردستان.