هاوڵاتیانی ئێران زەرەرمەندی یەکەمی سزاکانی ئەمریکان

بەهۆی سەپاندنی سزا ئابوریەکان لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا بەهای خواردەمەنیەکان بەڕێژی ٣-٤ ئەوەندەی پێشوو بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیووە.

ساڵی پار یەک کیلۆ گۆشت ٣٠ هەزار تمەن بووە کە دەکاتە (٢٢٠٠ دیناری عێراقی) بەڵام لەمساڵدا ئەو ڕێژەیە بۆ ٤ ئەوەندە بەرز بووەتەوە و یەک کیلۆ گۆشتی سوور گەیشتووەتە ١٢٠ هەزار تمەن کە دەکاتە (٨٨٠٠ دیناری عێراقی)، نرخی مریشکیش لە ساڵی پاردا ٦٥٠٠ تمەن بووە کە دەکاتە (٤٥٠ دیناری عێراقی) بەڵام لە ئێستادا نرخەکەی بۆ  ٣ هێندە بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ١٥٠ هەزار لیرە کە دەکاتە (١٣٥٠ دیناری عێراقی).

ئەو بابەتانەشی کە لە ناوخۆی وڵاتی ئێراندا بەرهەم دەهێنرێن نرخی ئەوانیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بوونی بەخۆوە بینیووە. هێلکە و برنجی ناوخۆی ئێران بەڕێژەی ٪٤٧ نرخەکانیان بەبراورد بە پار ساڵدا بەرز بووەتەوە. لە ئێران کەمترین موچە ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزارە، بەپێی ئەو ڕێژەیەش بێت تەنها دەتوانی ١١ کیلۆ گۆشت بەو پارەیە بکڕیت.

ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە لە مانگی رەمەزاندا بەکار دەهێندرێن بەرزترین نرخیان بەخۆوە بینیووە.

بڕیارەکەی ترەمپ بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

ئەو سزانەی کە لە لایەن واشینتۆنەوە بەسەر ئێراندا سەپێندراون بە کودەتای بازرگانی بۆ سەر ئێران ناودەبرێن. لە مانگی نیساندا ترەمپ بڕیاری دا لەمەودوا ڕێگە نەدا بە ٨ وڵاتی گەورەی جیهانی کە بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێراندا ئەنجام بدەن.

ئەم بڕیارەی ئەمریکاش ڕێگری کرد لە فرۆشی ئێران بەو وڵاتانە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز ببێتەوە. ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم سزایانەوە فرۆشی نەوتی ئێران سفر بکاتەوە.