چاودێریكردنى بازاڕ له‌ سلێمانى به‌بۆنه‌ى ره‌مه‌زانه‌وه‌ چڕده‌كرێته‌وه‌ و هۆشدارى ده‌درێت

له‌ رێى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانییه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى مانگى ره‌مه‌زاندا پشكنین بۆ هه‌موو ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت و نوێنه‌ری ته‌ندروستیش له‌ لیژنه‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت “هه‌رشوێنێك مۆڵه‌تی نه‌بێت یاخود سه‌رپێچی له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بكات شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت”، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات “ئه‌و شوێنانه‌ی كارى هه‌ویر ده‌كه‌ن و ناوساجی دروست ده‌كه‌ن نابێت سۆده‌ به‌كاربهێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ی پشكنینه‌كان ده‌ریخستووه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت”.

“ئازاد نه‌بی” نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند “به‌ مه‌به‌ستی دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا به‌ هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێن، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كات خواردنه‌كانی لێدروست ده‌كرێت”.

ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو “یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیانه‌، ‌ئه‌مه‌ش له‌ رێی سه‌ردانیكردنی ئه‌و شوێنانه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌كانی لێدروست ده‌كرێت،‌ پشكنین بۆ شوێنه‌كه‌ و ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ن و ئه‌و خۆراكانه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنن ده‌كرێت و پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی دیكه‌ ده‌كرێن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ پیشه‌كانیانه‌وه‌”. 

“ئازاد نه‌بی” ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد “له‌م مانگه‌دا سه‌ردانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ شوێنه‌كان زیاتر ده‌بێت و پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری ته‌ندروستی سلێمانی مۆڵه‌تی كاركردنیان وه‌رگرتبێت و پابه‌ندی مه‌رجه‌ ته‌ندروستیه‌كان بن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رشوێنێك مۆڵه‌تی نه‌بێت یاخود سه‌رپێچی له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بكات شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌”.

باسى له‌وه‌شكرد “ئه‌و شوێنانه‌شی كاری هه‌ویر و له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا ناوساجی دروست ده‌كه‌ن نابێت (سۆده‌) به‌كاربهێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ی پشكنینه‌كان ده‌ریخستووه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كاتی پابه‌ندنه‌بوون له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ سزای شوێنه‌كه‌و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌درێت”.

نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى داواشی له‌ هاوڵاتیان كرد “له‌ كاتی هه‌بوونی سه‌رپێچی و پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رجه‌كانی كاركردن به‌ گشتی و به‌تایبه‌ت ته‌ندروستی، له‌ رێی (07708677777) لیژنه‌كان ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، یاخود راسته‌وخۆ سكاڵاكانیان بگه‌یه‌ننه‌ قائیمقامیه‌تی سلێمانی”.