رەجەب تەیب ئەردۆگان, سەرۆك كۆماری توركیا رایدەگەیەنێت، قەبارەی هەناردەكانی مانگی رابردوو 15 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو كورتهێنانی بازرگانی دەرەكیش بۆ دوو ملیارو 831 ملیۆن دۆلار دابەزیووە.
ئەردۆگان لە میانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی خەڵاتی ئینۆ ڤالیگ لە هەفتەی نوێكاری توركیا كە لە ناوەندی كۆنگرەی ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، باسی لە رێژەی هەناردەو هاوردەی وڵاتەكەی كردو وتی: رێژەی هەناردەكردنی مانگی رابردووی ئەمساڵ بەراوورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، لەسەدا 4 پۆینت 5 زیادیكردووەو گەیشتۆتە 15 ملیارو 273 ملیۆن دۆلار، هەروەها قەبارەی هاوردەكردن لەسەدا 14 پۆینت 6 كەمیكردووەو بۆ 18 ملیارو 100 ملیۆن دۆلار دابەزیووە، بەوپێیەش كورتهێنانی بازرگانی دەرەوەی توركیا بۆ 2 ملیارو 831 ملیۆن دۆلار دابەزیووە.
سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی هەڕەشەكانی سەر وڵاتەكەشی، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی كردەسەر ئەمریكاو وتی، ئەوانەی رێز لە پێویستی بەرگریی وڵاتەكەمان ناگرنو وا دەزانن بەهەڕەشەی سزادان گۆشەگیرمان دەكەن، پێیان دەڵێین توركیا نە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، نە باڵكانەو نە ئەمریكای باشوورە. توركیا پاروویەكی گەورەیەو كەس ناتوانێت قوتی بدات.