حكومەتی هەرێم دەخیلەی نییە

حكومەتی هەرێم ناتوانێت پارە هەڵبگرێت و كۆی بكاتەوە، هاوشێوەی عێراق و وڵاتانی تر لە توانایدا نییە و ڕێی لێ گیراوە كە بانكی ناوەندیی تایبەت بە خۆی هەبێت و ساڵانە پارە و زێڕی یەدەگی تێدا دابنێت، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە لە حاڵەتی ناجێگیریی بارودۆخی دارایی تووشی قەیران بێت، وەك ئەوەی لە ساڵی 2014 لەگەڵ هاتنی داعش و بۆ عێراق و دابەزینی نرخی نەوت پریشكی ئەو قەیرانە ئەوەندەی بۆ هەرێم بوو ئەوەندە ڕووی لە دەوڵەتەكە نەكرد كە عێراقە.

بە پێی دەستووری عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بانکی ناوەندیی هەبێت و بتوانێت پارە پاشەکەوت بکات و لە کاتی پێویستیدا بە کاری بهێنێتەوە، بەڵکوو لە ئەگەری هەر قەیرانێکدا دەبێت ڕوو بکاتەوە بەغدا بۆ هاوکاریکردن.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند: ״هەموو وڵاتێك یەك بانكی ناوەندی هەیە، بەڵام دەكرێ لقی لە شار و هەرێمەكانی سەر بەو وڵاتە هەبێت، ئەو پارە و زێڕە نەختینەی كە لە بانكی ناوەندیی عێراق هەڵدەگیرێ بۆ كاتی پێویست و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران حكومەتی هەرێمیش پشكی تییدا هەیە، بۆیە لە ڕووی یاسا و دەستوورەوە ئەوە ڕێلێگیراوە كە هەرێم خاوەن بانكی ناوەندیی خۆی بێت، چونكە ئەمە بەدەوڵەتبوونی هەرێمە، بۆیە ڕێی لێ گیراوە.״

لە بابی چوارەمی دەستووری عێراقدا باسی ئەوە دەكات چەند دەسەڵاتێك لە لای حكومەتی فیدڕاڵی دەبێت و یەکێک لەو دەسەڵاتانەیش لە ماددەی 110 خاڵی سێیەمی ئەو بەندەدا هاتووە: ״ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی دارایی و گومرگ و دەركردنی دراو و ڕێكخستنی سیاسەتی بازرگانی لەسەر سنووری هەرێم و پارێزگاكانی عێراق و دانانی بودجەی گشتیی دەوڵەت و ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی دراو و دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بانكێكی ناوەندی.״

״لە بابی چوارەم ماددەی 110ی دەستووری عێراق لە كاروباری دارایی ئەو ماددەیەدا باس لەوە كراوە كە بانكی ناوەندی فیدڕاڵییە و دەركردنی پارە ئیشی دەوڵەتەكەیە كە عێراقە، ئەمە بۆ هەموو دەوڵەتە فیدڕاڵییەكان ڕاستە.״ حاكم شێخ لەتیف، شارەزای بواری دەستوور و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق وای وت.

لەگەڵ هاتنی داعش بۆ عێراق و دابەزینی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ خوار 30 دۆلار قەیران ڕووی لە عێراق كرد، بەڵام قەیرانەكە بە سیمای دەوڵەتی عێراق و فەرمانبەرەكانییەوە دیار نەبوو، چونكە ئەو پارە نەختینەیەی كە ساڵانە عێراق هەڵیدەگرێت لە بانكی ناوەندیدا فریای كەوت، بەڵام بۆ هەرێم ئەمە پێچەوانە بوو، بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ ئاستێكی زۆر كەم كردەوە و دواكەوتنی مووچە و پەكخستنی پڕۆژە خزمەتگوزراییەكانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو قەیرانەدا بوو.

نەبەرد كەریم، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی دارایی و ژمێریاری وتی: ״بۆ ڕێگرتن لەو قەیرانەی كە بە هۆی نەبوونی نەختینە و دەخیلەوە لە ساڵی 2014 ڕووی لە هەرێم و هاووڵاتییەكانی كرد، باشترین چارەسەر  زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتە و پشت بە یەك سەرچاوە نەبەسترێت، لە نموونەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار كە هیچ هێزێك ناتوانێت كاریگەریی نەرێنی لەسەر درووست بكات، چونكە هەمیشە یەك سەرچاوەی دەوڵەت تووشی داڕووخان دەكات لە قەیرانەكاندا، وەك ئەوەی لە 2014 لە هەرێم ڕووی دا و عێراق بێ‌ گرفت لێی دەرچوو.״

ئاژانس