قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا هەندێك پرسی هاوبەشیان تاووتوێكردو هەردوولا جەختیان لەپەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و كۆماری توركیا كردەوە.
لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا كە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ 29 نیسانی 2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لەپەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری توركیا كرا، لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا هیوای خواست بەزویی كابینەی نوێی هەرێم دەستبەكاربێت و خواستی خۆی بۆ سەردانی شاری سلێمانیش دەربڕی.
لەگفتوگۆكاندا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاڵپشتیی ئۆقرەیی و ئارامی لە موسڵ و دەشتی نەینەواو ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش، لەگەڵ پێكەوە كاركردن بۆ بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەو ناوچانە، لەم میانەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی لەپێویستی رێگریكردن لە دروستبوونی داعشێكی نوێ لەناوچەكە كردەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتیكردەوە كە زۆر پرسی هاوبەش هەن دەكرێ ببنە ئەجێندای هاوكاریی هەردوولا لەماوەی داهاتوودا بەتایبەت لەبوارەكانی ئابووری و خوێندن و زانكۆكان.
قوباد تاڵەبانی گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ كێشەی كەركوك لەسەر بنەمای پێكەوەژیان، ئاشتەوایی نەتەوەو پێكهاتەكانی شارەكە خستەڕوو و بەپێویستی زانی چارەسەری بەپەلەو گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
كۆبوونەوە هەڵوەستەی لەسەر ئاسایشی ئاو و بەڕێوەبردنی كرد كە پرسی هاوبەشی توركیا و هەرێم و عیراقە، هەروەها قوباد تاڵەبانی پاڵپشتیی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەكانی ئاشتی لەتوركیا دووپاتكردەوەو سوپاسی هاوكاریی توركیای كرد لە سێكتەرە جیاجیاكان بۆ هەرێمی كوردستان.
تیمی هەرێم جگە لە قوباد تاڵەبانی، هەریەك لە د.خەسرەو گوڵ محەمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، د.یوسف گۆران، عوسمان شوانی و وەفدی میوانیش جگە لە وەزیری دەرەوە لە باڵیۆزی توركیا لەبەغداو ژمارەیەك بەرپرس و دیپلۆماتكار پێكهاتبوون.