عیراق ئاماری كۆتایی هەناردەی نەوتی مانگی ئاداری بڵاوكردەوە


 وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، مانگی ئاداری رابردوو زیاتر لە 104 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەكراوە‌و داهاتەكەشی زیاتر لە 6 ملیارو 700 ملیۆن دۆلار بووە.

(عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بەپێی دواین ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) لە مانگی ئاداری رابردوودا بە تێكڕا نزیكەی 104 ملیۆن‌و 697 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوەو داهاتەكەشی 6 ملیارو 709 ملیۆن‌و 140 هەزار دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو ژمارەیە نزیكەی 100 ملیۆن‌و هەزار بەرمیلی لە بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردەكراوەو  3 ملیۆن‌و 70 هەزار بەرمیلیشی نەوتی كەركوك بووەو هەناردەی بەندەری جەیهان لە توركیا كراوە.

(عاسم جیهاد) رونیكردۆتەوە، ئەو نەوتەی هەناردەكراوە لەلایەن 40 كۆمپانیای جیاوازەوە لەبەندەرەكانی بەسرەو جەیهانەوە باركراوەو نرخی هەر بەرمیلێكیش 64 دۆلار بووە.