چاوشئۆغڵو: پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق كاره‌كانی ژێرخانی رێگاكانی ئاسنین و وشكانی ئه‌نجام بده‌ین


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو رایگه‌یاند “ده‌مانه‌وێت له‌ نه‌جه‌ف و كه‌ركووك-یش كۆنسولخانه‌ بكه‌ینه‌وه‌. كاره‌كانیشمان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ درێژه‌ پێ ده‌ده‌ین. مۆڵه‌ت له‌باره‌ی نه‌جه‌ف ده‌رچووه‌. پشتیوان به‌خوا له‌ باره‌ی كه‌ركووك-یشه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین. به‌و شێوه‌یه‌ په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ل عێراق به‌هێزتر ده‌كه‌ین”.

مەولود چاوشئۆغڵو له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی، محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی رێكخست.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو باسی له‌وه‌ كرد كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی بازرگانی نێوان توركیا و عێراق بگاته‌ ئامانجی خوازراو پێویسته‌ زیاتر كار بكرێت، به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م بازرگانی هه‌ڵبگیرێن و هانی وه‌به‌رهێنان بدرێت.

مه‌ولود چاوشئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌باره‌ی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ عێراق ناوه‌ندی نێوان كه‌نداو و ئه‌ورووپا بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی گومركی دووه‌م سوودبه‌خش ده‌بێت، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاره‌كانی ژێرخانی رێگاكانی ئاسنین و وشكانی ئه‌نجام بدرێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو خۆشحاڵی خۆی نیشاندا به‌ ئاسایی بوونه‌وه‌ی ته‌واوی عێراق و به‌پێویستی زانی له‌ قۆناغی له‌مه‌ودوادا تیشك بخرێته‌ سه‌ر دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌.

مه‌ولود چاوشئۆغڵو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ توركیا زۆرترین به‌ڵێنی له‌و باره‌یه‌وه‌ داوه‌ و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ كۆمپانیا توركییه‌كان له‌ كاره‌كانی ئه‌و كۆمیسیۆنه‌دان كه‌ له‌باره‌ی دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق دامه‌زراوه‌ و گوتی:

“وه‌ك وڵاتی دراوسێ و برا له‌ قۆناغی داهاتوودا توركیا به‌هێزترین پشتیوانی له‌ دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق ده‌كات”.

– “لەبارەی بەڕێوەبردنی ئاوەوە پێویستە پێكەوە كار بكەین”

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ حەكیم-ی هاوتای، بابەتی كێشەی ئاویشیان تاوتوێكردووە و ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە ساڵی رابردوو عێراق كێشەی ئاوی زۆر بوو، ئەمساڵ بە هۆی زۆریی بارانەوە كێشە نابێت.

مه‌ولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا كە بارانی زۆری ئەمساڵ بووەتە هۆی لافاو و وتی: “ئەمە شتێك فێری ئێمە دەكات، لەبارەی بەڕێوەبردنی ئاوەوە پێویستە پێكەوە كار بكەین. ئەگەر لەمەدا سەركەوتووبین لە وشكەساڵی و باران بارینی زۆریشدا كێشە روونادات”.

مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند، خۆشحاڵن بە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكانیان لەگەڵ عێراق لەوبارەوە و وەبیریهێنایەوە، كە وەزیری پێشووی كاروباری دارستان و ئاوی توركیا، وەیسەل ئەرۆغڵو وەك نوێنەری تایبەتی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا بۆ عێراق راسپێردراوە و گوتی: “لە قۆناغی ئایندەدا هاوڕێیەكانمان، نوێنەری تایبەت و گرووپی كارمان سەردانی عێراق دەكەن و ئەزموونەكانمان لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕ پێ دەكەین”. 

– “پێویستە خاكی عێراق لە تەواوی رێكخراوە تیرۆریستییەكان پاك بكرێتەوە” 

لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی كۆنسولخانەكان تاوتوێكراوە و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو وەبیریهێنایەوە، دوای هاتنی داعش بڕیاری داخستنی كۆنسولخانەكانی مووسڵ و بەسرە-یانداوە.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، ئێستا مۆڵەتی پێویست بۆ كردنەوەی كۆنسولخانەكانی مووسڵ و بەسرە وەرگیراوە و وتی:

“ده‌مانه‌وێت له‌ نه‌جه‌ف و كه‌ركووك-یش كۆنسولخانه‌ بكه‌ینه‌وه‌. كاره‌كانیشمان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ درێژه‌ پێ ده‌ده‌ین. مۆڵه‌ت له‌باره‌ی نه‌جه‌ف ده‌رچووه‌. پشتیوان به‌خوا له‌ باره‌ی كه‌ركووك-یشه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین. به‌و شێوه‌یه‌ په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ل عێراق به‌هێزتر ده‌كه‌ین”.