ئابووریی بەریتانیا لە سایەی تاتچەردا

هێشتا تێروانینە کۆنەکەی دۆخی ئابووری بەریتانیای دەیەیەک پێش تاتچەر، لە هزری بەشێکی زۆر لە بەریتانیەکان و تەنانەت نەیارە ئەوروپییەکانی ئەو وڵاتەش ماوە، کە بەریتانیا “پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپایە”.
هاتنی تاتچەر بۆ سەر دەسەڵات، سەرەڕای نەیارگەلێکی زۆر، کەچی گۆڕانکارییەکی گەورەی ئەنجامدا و ئەم تێڕوانینەی گۆڕی. لەراستیدا بەهۆی پێگە بەهێزەکەیەوە نەک تەنها سیاسەتەکانی، گفتوگۆیەکی زۆری لەنێو لایەنگران و نەیارانی هێنابووە کایەوە.
 لایەنگرانی دەڵێن ئەو بەریتانیای پاراست، نەیارانیشی دەڵێن ناهاوسەنگی و نایەکسانی بەرهەم هێنا.
کاتێک تاتچەرهاتە سەر دەسەڵات، بە بەراورد بە وڵاتانی دیكه‌ى ئەوروپا، ئابووری بەریتانیا سێ دەیە بوو بەخراپی تێدەپەڕی، لەگەڵ سەرۆکایەتیکردنی وڵاتەکه‌ی، تاتچەردەبوو رووبەڕووی مۆدێرنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی هەڵاوسان و خراپ ئیدارەکردنی دەوڵەت و خراپیی پەیوەندی پیشەسازی ببێتەوە.
مارگرێت تاتچەر، کاتێک ساڵی ١٩٧٩ هاتە سەر دەسەڵات، رووبەرووی ئەرکێکی زەحمەت لە ژیاندنەوەی ئابووریی بەریتانیا بووەوە، لەو ماوەیەی بەریتانیا تووشی شەلەلی ئابووریی بوو بوو، رێژەی هەڵاوسان گەیشتبووە ٢٥٪ و تا دەهات قەرزەکانیشی لە سندووقی نەختی نێودەوڵەتی زیادی دەکرد، بۆیە پێداچوونەوە و بەرگرتن لە دابەزینی درێژخایەنی ئابووریی بەریتانیا، زەحمەتترین ئەرکی مارگرێت بوو، کە ئەنجامی دا.
راگرتنی هەڵاوسان و کەمکردنەوەی، یەکەمین کاری تاتچەر بوو، دروستکردنەوەی بڕوا لەلای هاوڵاتییان بەوەی هەڵاوسان دادەبەزێتەوە، ئامانجێکی گەورەی تاتچەر بوو لەرێی کۆنترۆڵکردنی خەرجیە گشتییەکان، لەکۆتاییشدا سەرکەوتوو بوو.
لەکۆتاییەکانی دەسەڵاتەکەی، رێژەی هەڵاوسان بە بەروارد بە سەرەتاکانی دەسەڵات گرتنەدەستی، زیاتر لە سێ ئەوەنده‌ کەمی کرد، وەک لەم چارتەدا دیارە.
 
لەو ماوەیەدا بەریەکكەوتنی یەکێتیە بازرگانییەکان روویدا، چونکە تاتچەر باوەڕی وابوو دەبێت رۆڵی ئەوان کەم بکرێتەوە. بەدەستهێنانی سەرمایە و بازاڕێکی کۆنترۆلنەکراو کلیلی سیاسەتەکانی بوون لەڕێی بازاڕی کار و بڕینی باج، کە بووە هۆی گەشەیەکی تەندروستی کار و کۆمپانیاکان، هەنگاونانی کەرتەکانی پیشەسازی بۆ بوون بە کەرتی تایبەت، هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی، هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی رۆڵی حکومەت، گەشەکردنی بەرهەمی نەوت لە دەریای باکوور، لەگەڵ پشتگیریکردنی یەک بازاڕیی لە ئەوروپا، ئەو دەستکەوتانەبوون، کە تاتچەر بەدەستی هێنان.
ئەگەرچی تاتچەر باوەڕی بە کۆنتڕۆڵنەکردنی بازاڕ هەبوو، بەڵام هەمیشە بۆ دڵنیابوون لەبوونی باشترین کوالێتی کەلوپەلەکان، جەختی لە رێکخستنی بازاڕ دەکردەوە، هەوڵی دەدا فۆکەسی ئابووریی بەریتانیا لە پیشەسازییەوە بۆ کەرتی دارایی بگوازێتەوە.
لە تێڕوانینی پشتیوانانیەوە، تاتچەر لە باشکردنی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی سەرکوتووبوو، کۆتایی هێنا لەمانەوەی بەریتانیا وەک پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا و بە ناوبانگێکی بەرزەوە هاتە ساڵی نەوەدەکان. 
لە تێڕوانینی نەیارەکانیشیەوە، تاتچەر سەرۆک وەزیرانێک بوو، کە ١٥٪ پیشەسازی بەریتانیای بە سیاسەتی دۆگمایی نەختی خۆیەوە راماڵی. بەشێک لە نەیارانی پێیانوایە سیاسەتێکی تەسکی نەختی هەبوو، هەروەها سامانی نەوتی دەریای باکووری لە بیمەی بێکاریدا بەهەدەردا و ناهاوسەنگی و نایەکسانی لە بەریتانیا وەک ئەوەی ئەمرۆ هەیە، بەرهەم هێنا.
بەهۆی خەرجکردنی ئاستێکی زۆر لە بیمەی بێکاریی، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی بەریتانیا دانیشتن لە ماڵەوە و نەگەڕانیان بەدوای کاردا، لە کارکردن بە باشتر دەزانی .لە هەندێک ناوچە و شوێنی ئەو وڵاتە، رێژەی کار هێشتا نەگەڕاوەتەوە سەردەمی بەر لە دەسەڵاتی ئەو، رێژەی بێکاری لە سەردەمی تاتچەر هەرگیز دابەزینی بەخۆوە نەبینی و نەگەیشتە نزمترین ئاستی بەر لەساڵی ١٩٧٩ ، وەک لە چارتەکەدا دیارە.
لەراستیدا زۆربەی ئەو سیاسه‌تە نوێیانەی تاتچەر، لەلایەن ئەوانەی پێش خۆیەوە گەشەیان پێدرابوو، بۆ نموونە: بەگەڕخستنی تەواو، لەساڵی ١٩٧٦ ەوە پێشکەشکرابوو، لەو کاتەوەی کە پارتی کرێکاران ئامانجی نەختی وڵاتی ناساندبوو.
لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پارتی پارێزگاران، کە تاتچەر نوێنەرایەتی دەکرد، بانگەشەی بە کەرتی تایبەت بوون لە ئەجێندای ئەوان نەبوو، هەروەها پرۆسەی ریفۆرمی سەندیکاکانی بازرگانیش، پرۆسەیەکی بەردەوام بوو.
لەناوەڕاستی هەشتاکانەوە، سیاسەتی ئابووری حکومەتەکەی تاتچەر دەرکەوت، کە چەند بنەمایەکی سەرەکی هەبوو.
یەکەم، کۆنتڕۆلکردنی هەڵاوسان لەجیاتی بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی بەگەرخستنی تەواو، کە میحوەرێکی سەرەکی ئابووریی گشتییە، کاری حکومەت ئەوەبوو ئاستی هەڵاوسان کەمبکاتەوە، نەوەک هانی گەشەکردن بدات لەڕێی رێکخستنی خواستەوە.
دووەم، سیاسەتی پیشەسازی هەموو شتێک بوو، بەڵام فەرامۆشکرابوو، دەوڵەت دەستی گرتەوە بەسەر هەندێك لە پیشەسازیە خۆماڵییەکان، وەک هێڵی شەمەندەفەر، بەڵام کۆمپانیاكانی: بی تی، هێڵی ئاسمانی بەریتانی، ستیلی بەریتانی، غازی بەریتانی لەگەڵ دەسەڵاتی فرۆکەخانه‌کانی بەریتانیا لەنێو ئەو کۆمپانیایانە بوون، کە فرۆشران و دەوڵەت هەرگیز نەیتوانی بیانگەڕێنێتەوە.
سێیەم، وەگرتنی رێژەیەکی زۆر لە باج لەو کەسانەی داهاتیان لە بەرزترین ئاست دابوو لەسەر ئەو بنەمایەی، کە ئەمە هانی بازرگانی و بزنس دەدات. هەروەها هاندانی کۆمپانیاکانی ریکلامکردن و ئەوانەی خانووی شارەوانییان دەفرۆشت بۆ بوونی مامەڵەیەکی فراوانتر لەگەڵ خواستەکانی سەرمایەداریدا.
شۆڕشی ئابووریی تاتچەر لە تێروانینی پشتیوانەکانییەوە سەرکەوتوو بوو، نەیارەکانیشی دەڵێن نایەکسانی بەهەمهێنا، بەڵام راستی هەرچیه‌کیان بێت، ئەو کۆتایی بە دابەزینی ئاستی ئابووریی بەریتانیا هێنا و لەگەڵ مردنیشی، چەمکی پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپای، وەبیر جیهان هێنایەوە.
 
روداو