حكوومەتی هەرێم و عێراق بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی نەوت و بودجە كۆدەبنەوە


حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی نەوت و بودجە كۆدەبنەوە.

سامر عەباس غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە:”ببەم نزیكانە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قسەكردن لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم و رێككەوتنی بودجە كۆدەبنەوە.”

راشیگەیاند: “هەوڵەكانیان دەستپێكردووە تاكو هەناردەی نەوتی كەركووك بە رێژەی 50% زیاد بكەن.”

پێشتر ئەو وەزیرەی عێراق رایگەیاندبوو، ئەگەر پێویست بكات، عێراق دەتوانێت رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكات.

بەهۆی سزاكانی سەر ئێران، خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا زیادبووە چونكە ئەو وڵاتانەی پشتیان بە نەوتی ئێران بەستبوو، ناچاركراون بە دوای سەرچاوەی دیكەدا بگەڕێن، عێراقیش وەك ئەندامێكی رێكخراوی ئۆپیك، دەتوانێت سوود لەم دۆخە ببینێت.