ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینی داهاتوویەكی گەش بۆ كەرتی نەوتی عێراق دەكات و ئاماژەی كرد كە عێراق لە 2030دا دەبێتە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە دنیا. هاوكات وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی توانای هەیە رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنێت ئەگەر پێویست بكات.
ئاژانسی “بلومبێرگ” لە ئاژانسەكەی گواستەوە كە عێراق لە داهاتوودا پێگەی خۆی لەناو گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت بەهێزتر دەكات و دەبێتە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە دنیادا و رۆڵی گەورەی لەناو رێكخراوی ئۆپێك دەبێت.
ئاژانسەكە كە بارەگای لە پاریسە، پێشبینی كرد تا 2030 عێراق بتوانێت توانای بەرهەمهێنانی نەوتە خاوەكەی 30% زیاد بكات و بەوەش بەپێش كەنەدا دەكەوێتەوە كە ئێستە چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە دنیا، روونی كردوە كە عێراق بەرهەمهێنانی نەوتەكەی دەگەیەنێتە ئاستی شەش ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تا ئەو ساڵە و ئەو زیادەش قەرەبووی ئەو زیانانەی هەریەك لە ئێران و ڤەنزوێلا و لیبیا دەكاتەوە .
لای خۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەم سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە وڵاتەكەی توانای زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی بۆ شەش ملیۆن بەرمیلی رۆژانە هەیە ئەگەر پێویست بكات، بەڵام ئەو پابەندە بە بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی رێكخراوی ئۆپێك.