سەرۆك کۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح بانگھێشتی کۆمپانیاکانی تورکیای کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دووبارە بونیاتنانەوە، وەبەرھێنان لە عێراق ئەنجام بدەن.
بەپێی ئەو راگەیەندراوە نووسراوەی لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە شاری بەغدا، فاتح یڵدز و سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی تورکیا، میدحەت یەنیگون و شاندی یاوەری کردووە.
بەرھەم ساڵح لە پێشوازییەکەدا جەختی لەسەر پەیوەندی ریشەیی نێوان تورکیا و عێراق کردووەتەوە و بە پێویستیشی زانیوە کە دەبێ ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بواری بازرگانی و ئابووری بەھێزتر بکرێ.
سەرۆك کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە عێراق پێویستی بە وەبەرھێنان ھەیە و بۆ ئەمەش بانگھێشتی کۆمپانیاکانی تورکیای کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دووبارە بونیاتنانەوە، وەبەرھێنان لە عێراق ئەنجام بدەن.
لەلایەکی دیکەش، باڵیۆز یڵدز رایگەیاند کە کۆمپانیاکانی تورکیا ئامادەن پڕۆژەی گەورە لە عێراق ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ لە شاری بەغدا “کۆڕبەندی بیناسازی تورکیا-عێراق بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی عێراق” ئەنجامدرا.