خۆراكی هاوردە پێداچونەوەی بۆ دەكرێت

بەمەبەستی ڕێگریكردن لەبەرزبونەوەی نرخ و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان بەروبومی هاوردەو ناوخۆدا لەپارێزگای سلێمانی، هاوردەكردنی بەروبومی دەرەكی بۆ مانگی ئایار بەپێی پێداویستی بازاڕ دیاركراو جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت بۆ ئەوەی رێگری لەبەرزبونەوەی نرخ بكرێت لە هاوردەكردنی بەروبومی دەرەكی هاوسەنگی رەچاوكراوە.  

ئەمڕۆ لەدیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری لە پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو خواردن و پێداویستیانەدا بكرێت كە لە دەرەوەی هەرێم هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت و بڕی بەرهەمی هاوردەش بۆ مانگی ئایاری داهاتوو دیاریكرا. 

رزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند: لەبەر ئەوەی لەمانگی رەمەزاندا خواست لەسەر زۆربەی بەرهەمە خۆراكییەكان زیاد دەكات، بڕیاردراوە ئەو بەرهەمانەی كە لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێت بەرەچاوگرتنی پێداویستی بازاڕو ئاستی بەرهەمی ناوخۆی رێكبخرێت و تەنیا بڕی پێویستی بەرهەمی هاوردە رێگەی پێبدرێت.  

جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژەی بۆئەوەشكرد: بڕی ئەو بەروبومانەی بۆ مانگی ئایار  رێگە بەهاوردەكردنیان دەدرێت بریتییە لە هەزار تۆن مریشكی بەستوو،  1200 تۆن هێلكەی خواردن  و 500 تۆن گۆشتی سورو 800 تۆن گۆشتی ماسی لەگەڵ هاوردەكردنی پێنج  هەزار سەر ئاژەڵی زیندوو .