هاوڵاتیان دەتوانن لە ماڵەكانی خۆیانەوە ڤیزای ئێران وەربگرن


سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هاووڵاتیان دەتوانن لە ماڵەكانی خۆیانەوە ڤیزا وەربگرن.

مورتەزا عەبادی سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بە میدیاكانی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەوانەی خوازیاری وەرگرتنی ڤیزای ئێرانن، لە ماڵەوە یان لە فەرمانگەكانی خۆیانەوە دەتوانن بە شێوازی ئەلیكترۆنی داواكارییەكەیان بە ناونیشانی e-visa.ir تۆمار بكەن.

وتیشی”پاش تۆماركردنی داواكاری وەرگرتنی ڤیزا، كۆدی بەدواداچوون لەگەڵ ژمارەی پاسپۆرت لە ڕێگای ئیمێلی [email protected] بۆ كۆنسوڵخانە بنێرن و لە ماوەی 24 كاتژمێردا دەتوانن ڤیزای كۆماری ئیسلامی ئێران وەربگرن”.

ئاشكراشیكرد، ئەوانەی خوازیاری وەرگرتنی ڤیزای ئێرانن، دەتوانن جگە لە نوسینگەكانی پۆستە، سەردانی نوسینگە ڕێپێدراوەكانی گەشتیاری بكەن یان ئەوەی پاش تۆماری ئەلیكترۆنی، بەشێوەی ڕاستەوخۆ سەردانی كونسوڵخانە بكەن.

ئاماژەی بەوەش دا، لەبەرەئەوەی هەموو هاووڵاتیان شارەزاییان لە بەكارهێنانی زانست، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان نییە، كونسوڵخانەی ئێران لەپێناو ئاسانكاری بۆ سەردانیكەران، ئامادەیە جگە لە نوسینگەكانی پۆستە و گەیاندن، مۆڵەت بداتە نوسینگە ڕێپێدراوەكانی لە ناوچە دوورەدەستەكان بە تایبەت ناوچە سنوورییەكان.

ڕوونیشیكردەوە، پێدانی ڤیزا بێ بەرامبەرە و كەس ناتوانێ لە بەرانبەر دەركردنی پارە وەربگرێت.