نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەیدایە و دیسان ژمارەی پێوانەیی شکاند و بەرزترین نرخی لە ماوەی شەش مانگی رابردوو تۆمار کرد.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاری بۆرسەوە نرخی نەوت رووی لە هەڵکشان بوو، بەڵام دوای بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر درێژنەکردنەوەی مۆڵەتی کڕینی نەوتی ئێران بۆ وڵاتان، رەوتی هەڵکشانەکە خێراتر بوو. نرخی نەوت کە لە خوارووی 72 دۆلار دەفرۆشرا بەم بڕیارە یەکسەر دوو دۆلار هەڵکشا و ئەمڕۆ پێنجشەمیش زۆرترین نرخی لە ماوەی شەش مانگی رابردوو تۆمار کرد و گەیشتە 74 دۆلار و 96 سەنت.
بەگوێرەی dailyfx بە پێچەوانەی نرخی نەوتی برێنت نرخی نەوتی تەکساسی ئەمەریکا خێرایی هەڵکشانەکەی کەمتر بووە و تەنانەت دوێنێ چوارشەم رەنگەکەی بە سوور داخرا، هەڵبەت ئەمڕۆ پێنجشەم کەمێک لە نرخەکەی هەڵکشاوە و بە 65 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت. لە دوای بڕیارەکەی ئەمەریکا نرخی ئەم جۆرە نەوتە یەک دۆلار هەڵکشاوە.
رۆژی دووشەم 22ی نیسان مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارەکەی دەرکرد و ئەمەش بازاری نەوتی بە تەواوی تووشی شۆک کرد.
پێشتر وا بڵاو کرابووەوە ئەمەریکا لە بەرنامەیدایە رێگە بە هەر یەک لە تورکیا، چین، هندستان و کۆریای باشوور بدات بۆ ماوەی شەش مانگی تر نەوت لە ئێران بکڕن بەڵام ئەمە راست دەرنەچوو.
ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە هەناردەی ئێران بۆ سفر کەم بکاتەوە و ساڵی رابردوو کاتێک ترەمپ لە رێککەوتنی ناوکیی کشایەوە هەمان هەڕەشەی کرد بەڵام لە ترسی خێرایی بەرزبوونەوەی نەوت قۆناغ بە قۆناغ هەناردەی نەوتی ئێرانی کەم کردووەتەوە هەرچەندە ئەم سزایانە لە پاڵ چەند هۆکارێکی تر لە ساڵی 2019 نرخی نەوتیان بە رێژەی 30% بەرز کردووەتەوە.
سیاسەتی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لەبارەی دابەزاندنی ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە هەناردەی نەوت لە لایەک وتەنگژەی ڤەنزویلا و لیبیا لە لایەکی تر چەند هۆکارێکی ترن کە نرخی نەوتیان بەرز کردووەتەوە.
هەر دوێنێ چوارشەم ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە باسی لەوە کرد کە چیتر نرخی نەوت بەرز نابێتەوە و پاساوی ئەوەشی هێنایەوە دابەزینی نەوتی ئێران بازاڕی نەوت تووشی کەمیی دابینکردنی نەوت ناکات و ئەگەر نەوتی ئێرانیش بۆ سفر دابەزێت ئەوا هیشتا سەرووی پێداویستی، هەناردە دەکرێت و بڕەکەشی سێ هێندەی ئەو نەوتەیە ئێران دەیخستە بازاڕەوە.
ئاژانسەکە باسی لەوەش کردبوو راستە ئەمەریکا کۆتایی بە مۆڵەتی بەخشینی هەندێک وڵات بۆ کڕینی نەوتی ئێران هێنا بەڵام دۆخی بازاڕ ئاساییە و لە داهاتووشدا هیچ کێشەیەکی بۆ نایەتە کایەوە.
دامەزراوەکە کۆی هەناردەی نەوت و گاز و سەرجەم بوارەکانی پێترۆڵی ئێرانی لە مانگی نیساندا بە ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەژمار کردووە و بەراورد بە مانگی رابردوو 300 هەزار بەرمیل کەمی کرووە و بەراورد بەو کاتەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی کشایەوە ملیۆنێک و 700 هەزار بەرمیل کەمی کردووە.
بە پێی ئامارەکە هەر ئێستە وڵاتانی ئۆپێک سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت لە سەرووی پێداویستییەکان دەخەنە بازاڕەوە کە دوو لە سەر سێی بەهۆی سعوودیەیە و بەشەکەی تریش لە لایەن ئیمارات و کوێت و عێراق هەناردە دەکرێت.
پرسی هەناردەی نەوتی ئێران لە چەند مانگی رابردوودا گرنگترین فاکتەر بووە کە باڵی بەسەر بازاڕی نەوتدا کێشاوە. هەڵبەت لەپاڵ ئەم فاکتەرە، تەنگژەی سیاسی و ئابووری ڤەنزوێلا و پرسی لیبیا کاریگەرییان بۆ سەر بازاڕی نەوت هەبووە و لە رابردوودا ئەم دوو وڵاتە بەشێک لە پێداویستییەکانی جیهان بە نەوتیان دابین دەکرد بەڵام یەکەمیان لە لایەن ئەمەریکاوە سزای زۆر توندی خراوەتە سەر و ئەوەی تریان لەبەر نائارامییەکان ناتوانێت بەپێی پێویست نەوت هەناردە بکات.
نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو گرێ دراوە و هەر کاتێک ئاستی داخوازی کەمتر بوو لە ئاستی خستنەڕوو ئەوا نرخەکەی دادەبەزێت و پێچەوانەکەشی نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە.