عێراق بەردەوامە لە ھاوردەکردنی غاز لە ئێران

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەو سزایانە بەخشراوە کە لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە و ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ دابیکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەردەوامن لە ھاوردەکردنی غاز لە ئێران.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکریت بە رۆژنامەی فەرمی “ئەلسەباح”ی راگەیاندووە “ئەو سزایانەی کە ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، وەزارەتی کارەبا ناگرێتەوە، بەڵکو تەنھا کڕینی نەوتی ئێران دەگرێتەوە”.

رۆژی دووشەممەی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە لە دووی مانگی ئایاری داھاتووەوە، ھیچ وڵاتێک ناتوانێت نەوت لە ئێران بکرێت لەنێویاندا ئەو ھەشت وڵاتەی کە پێشتر بەخشرابوون.

لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، موسعەب مودەریس بە رۆژنامەی “ئەلسەباح”ی راگەیاندووە کە لەئێستادا رۆژانە، ٢٨ میلۆن پێ سێجا غاز لە ئێران ھاوردە دەکەن کە پێدوایستی ژمارەیەک وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە رووی غازەوە پێ دابین دەکەن.

موسعەب مودەریس ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە وەزارەتی کارەبا لە پلانی دایە لە سەرەتای مانگی حوەزیرانی داھاتووە بڕی ھەناردەکردنی غاز لە ئێران زیاد بکات و بگەیەنێتە ٣٥ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، بۆ ئەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ سێ ملێۆن و ٥٠٠ ھەزار میگاوات بەزربکاتەوە کە لەئێستادا، دوو ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار میگاواتە.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق راشیگەیاند کە بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانی، ئێران رۆژانە ھەزار و ٢٠٠ میگاوات دەدات بە عێراق و ئاماژەی بەوەشدا، کۆی گشتی ئەو بڕە کارەبایەی کە عێراق لە ئێرانەوە ھاوردەی دەکات، چوار ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار میگاواتە.

ناوبراو ئاشکراشیکرد کە وەزارەتی کارەبا لە پلانی دایە ھەشت ھەزار میگاواتی دیکەی کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە بکات بۆ ئەوەی قەبارەی وزەی کارەبا بۆ ئەم وەرزەی ھاوین بگەیەنێت بە بەرزترین ئاست لە مێژووی عێراقدا.