دەربارەی کێشە بازرگانیەکان کۆبونەویەکی فراوان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ده‌روازه‌ سنوریه‌کان ئەنجامدرا


بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە بازرگانیەکان لەدەروازە سنوریەکان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ بازرگانان‌و بەرپرسانی باشماخ و پەروێزخان ئەنجامدا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە ٤/٢٢ پێشوازیکرد لە لیوا مەریوان کەمال، بەرپرسی مەرزی باشماخ‌و علی تۆفیق، سەرپەرشتیاری مەرزی پەروێزخان‌و نوێنه‌رانی به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌کانی به‌رپرس له‌ چاودێرین کردنی هاورده‌کردنی کاڵا له‌ ده‌روازه‌کانه‌وه‌.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا نوێنه‌ری سه‌رجه‌م له‌ بازرگانانی بواره‌ جیاوازه‌کان به‌شداریان تێدا کرد ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌ی که‌ هه‌یانه‌ له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌کان باسیان لێوه‌کرد و داوایی چاره‌سه‌رکردنیان کرد تاکو بازرگانان له‌وه‌ زیاتر نیگه‌ران نه‌بن‌و ڕێره‌وی بازرگانیان بگۆڕن.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سليمانی رایگه‌یاند ”کێشه‌ی به‌شێک له‌ بازرگانان ده‌رباره‌ی هاورده‌کردنی کاڵاکانه‌ به‌ بارهه‌ڵگری به‌ڕاد تاکو ئه‌و کاڵاو شتومه‌کانه‌ی که‌ هاورده‌ی ده‌که‌ن به‌کوالێتییه‌کی باشتر بگاته‌ ده‌ست هاوڵاتیان”.

راشیگه‌یاند ”بازرگانان ده‌رباره‌ی کێشه‌ی کرێی بارهه‌ڵگره‌کان له‌ ده‌روازه‌کان نیگه‌رانیان ده‌ربڕی که‌ بڕێ زۆر وه‌رده‌گرن له‌به‌رامبه‌ر کواستنه‌وه‌ی کاڵاکان که‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی زیادبونی نرخ و گرانبوونی کاڵاکان له‌سه‌ر هاوڵاتیان”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ”له‌به‌شێکی تری کۆبونه‌وه‌که‌دا باس له‌ کێشه‌ی ئه‌و بازرگانه‌ کرا که‌ له‌ بواری هاورده‌ کردنی که‌لوپه‌لی بینای سازیدا کارده‌که‌ن له‌ کاتی پشکنینی کاڵاکانیان کاتێکی زۆر له‌سه‌ر ده‌روازه‌کان ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ کۆبونوه‌که‌دا بڕیاردرا ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت”.