سبەی یازدەهەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و وزە لە هەولێر دەکرێتەوە

سبەی دووشەممە یازدەهەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و وزە لە هەولێر بە بەشداری ٢٠٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی دەكرێتەوە.

پێشتر كاروان سورچی گوته‌بێژی یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ یەكشەممە شاندی توركیا ده‌گه‌نه‌ هه‌ولێر و ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ گه‌یشتنی شاندی كۆمپانیاكانی وڵاتانی دیكه‌ش، بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە بەشداری لە پێشانگاكەدا بكەن، هەروەها بۆ ئەوەی سه‌ردانی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازیه‌كان بكه‌ن و له‌ نزیكه‌وه‌ دیدار له‌گه‌ڵ بازرگاكانی كوردستان ئەنجام بدەن.

پێشانگای نێودەوڵەتیی بیناسازی و وزە لە هەولێر، بە بەشداری ٢٠٠ كۆمپانیا بەڕێوەدەچێت، لەنێویاندا ٢٢ کۆمپانیای سعوودی هەن، لەگەڵ چەندین کۆمپانیای تری وڵاتانی توركیا و ئێران و وڵاتانی تری عەرەبی و چەندین نوێنەری کۆمپانیای ئەورووپی.

پێشانگەكە تا رۆژی 25ی مانگ به‌رده‌وام دە‌بێت.