له‌م به‌شه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی وورد باس له‌ڕێگه‌ی ئاوریشمی نوێ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تایبه‌ت به ریفۆرم و ئاوهه‌واو وژینگه و رۆڵی سه‌رۆكی چین دینگ شیاوپینگ .
چین به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی جیهانی ئابووری و سیاسی
پاش ڕیفۆرمه ئابووریه‌كه‌ی دینگ شیاوپینگ و له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه، گه‌شه‌ی ئابووری چین ده‌ستی پێكرد و له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابووردودا تێكڕای گه‌شه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 8% بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بازاڕی كاڵا و داواكاری بهرههمهكانیهوهیه له‌ئاسیاو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو ئهمریكاو ئوستورالیاو ئه‌وروپا، ئه‌م داواكاریه‌ی جیهانیش بۆ به‌رهه‌می چین، پشت به‌ئاستی باری ئابووری گشتی و دارایی هه‌ر یه‌كێك له‌و ناوچانه‌وه ده‌به‌ستێت، هه‌روه‌ها پشت به بڕی وزه و گۆڕانی نرخی وزه‌ش ده‌به‌ستێت له جیهاندا، نرخی وزه هه‌میشه وابه‌سته‌ی گۆڕانی سیاسی‌و په‌یوه‌ندیه جیۆسیاسیو كێبڕكێیه جیهانیه‌كانه.
ئه‌وه‌ی كه گرفته، له وڵاتی چین بوونی ڕیفۆرمی ئابووری بووه هۆی گه‌شه‌كردنی ئاستی ئابووری، به‌ڵام هیچ ڕیفۆرمێكی سیاسی ڕووی نه‌دا، ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین، كه له‌مه‌ودوا چین وڵاتێكی بووژاوه یا تازه گه‌شه‌كردوو نیه، به‌ڵكو وڵاتێكه له ئاستی جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كی جیهانه و توانای ڕكابه‌ری جیهانی هه‌یه‌و ئابووریه‌كه‌ی له ئاستێكدایه كه نائارامی خستووه‌ته نێو پلانی ئابووری جیهانه‌وه، یه‌كێك له ڕێكاره‌كانی گه‌شه‌ی چین، كه شی جینپینگ داهێنه‌رێتی، بریتیه له ڕێگای ئاوریشم، كه له ساڵی 2014 وه شی به ڕاشكاوی، وه‌كو پلانێكی تۆكمه‌ی سیاسی و جیۆپۆلیتیكی و ئابووری، خستیه‌ڕوو.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بوترێت كه هه‌ر ئه‌م به‌كاربردنه زۆره‌ی وزه واته خه‌ڵوزی به‌ردو نهوتو گاز، بووه هۆی زیاتر تێكچوونی كه‌شوهه‌وا و گه‌رمبوونه‌وه‌ی ئه‌تمۆسفێری به‌رگه‌ی گۆی زه‌وی، كه بۆیه‌كه‌م جار له ساڵی ٢٠٠٦ دا بڕی ده‌ردانی گازی زیانبه‌خش بۆ نێو هه‌وا، به‌هۆی زۆر به‌كارهێنانی وزه‌ی ته‌قلیدی ( نه‌وت و گاز و خه‌ڵوزی به‌رد) له چین، له‌و بڕه‌ی ئه‌مریكا ده‌یخاته نێو هه‌واوه زیاتر بوو، به‌تایبه‌ت گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن، پیسبوونی ژینگه یا پیسبوونی هه‌وا له‌چین، هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌كارهێنانی خه‌ڵوزی به‌رد، پیسبوونی هه‌واش گرنگترین هۆكاری نائارامی كۆمه‌ڵایه‌تیه له‌و وڵاته‌دا، بۆیه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی پیسبوونی هه‌وا و بۆ ڕه‌چاوكردنی ئه‌و ته‌نگه‌ژه كۆمه‌ڵایه‌تیه و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی وزه، ده‌سپێكی چین بۆ وه‌به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی سه‌وز یا وزه‌ی دوباره له سروشته‌وه، به‌تایبه‌ت له خۆر و له په‌روانه‌ی هه‌وا ، ده‌سپێكێكی زۆر باڵا و به‌رچاو و پێویست بوو.
چین به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندن و په‌لهاویشتنه ئابووریهكهیهوه، پێویستیه‌كی زۆری به وزه هه‌یه، له‌ئێستادا چین پاش ئه‌مریكا دووه‌م وڵاته له به‌ركاربردنی بڕی وزه له جیهاندا، بۆیه مامه‌ڵه‌ی كڕین و گوازتنه‌وه‌ی وزه، یه‌كێكه له‌و تاكتیكانه‌ی كه ده‌بێ له خزمه‌تی ستراتیژی ئابووریهكهیدا بێت و به‌پێی پلانی داڕێژراوی درێژخایه‌ن كار بكات، یه‌كێك له پلانه‌كانی هاوردنی وزه ئه‌وه‌یه كه له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه بێ، بۆ نمونه ئێران و ڕوسیا و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و ئاسیای ناوه‌ڕاست، بۆ چین هاورده‌ی وزه له ڕوسیاوه ئاسانتره، له‌به‌ر نزیكی جوگرافیاكه‌ی له‌لایه‌كه‌وه و لهلایهكیترهوهش به‌و مامه‌ڵه ئابووریه‌ی، له ئێستادا ده‌توانێ ته‌گه‌ره بخاته نێو ستراتیژی وزه‌ی ئه‌مریكاوه.
له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ساڵی دووهه‌زاره‌وه، چین توانی له ڕیزبه‌ندی ئابووری جیهانیدا كێبڕكێی خۆی له‌ئاستی جیهاندا بباته‌وه و له‌بواری ئابووری تێكڕای داهاتی نێوخۆدا، جێی به زۆربه‌ی وڵاته پیشه‌سازیه‌كان له‌ق كرد، له‌وانه ئیتاڵی و فه‌ڕه‌نسی و به‌ڕیتانی و ئه‌ڵمانی و یابانی و چووه ڕیزبه‌ندی دووه‌مه‌وه پاش ئه‌مریكا.
پرۆژه‌ی ڕێگای ئاوریشم – One Belt one road
گرنگترین بڕیاری یونسكۆی ساڵی 2014 بۆ وڵاتی چین، بریتی بوو له ئه‌ژماركردنی ( ڕیگای ئاوریشم ) وه‌كوو كه‌له‌پور و سیمایه‌كی ناوازه‌ی ئه‌و وڵاته و تۆماركردنی له ڕیزبه‌ندی شوێن‌و كه‌له‌پوره ناوازه‌كانی جیهاندا له یونیسكۆ ، ڕێگای ئاوریشم ئه‌و ڕێگای قافڵهیهیه كه كاروانه‌كانی گوازتنه‌وه‌ی كاڵا و شتومه‌كی چینی به‌تایبه‌ت ئاوریشمی لهدووسهده پێش زایینیه‌وه به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا و ناوچه‌كانی ڕۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تا ده‌گه‌یشته ئه‌وروپا، پێدا تێده‌په‌ڕی.
ناوبانگی وڵاتی چین ده‌مێكه به كاری ده‌ستی و چنین و ڕستن و به‌رهه‌می ئاڵا‌و واڵای پۆشاك و ورده‌كاری جوانكاری و زۆر به‌رهه‌می دیكه‌ی وه‌كو بواری عه‌تاری و دارچینی ناسراوه، هه‌ر له پێش زایینیه‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مانه سنووری چینی بڕیوه‌و به‌ره‌و ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشت به‌قافڵه گوازراونه‌ته‌وه و له هه‌موو كیشوهرهكانیشهوه پێشوازی لێ كراوه، ده‌مێكه چین ده‌روازه‌ی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ناساندن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زرنگی و دهستڕهنگینی و كولتوری چینی به‌ره‌و سنووری ده‌ره‌وی خۆی كردووه‌ته‌وه.
ئێستا چین له قۆناغێكی گۆڕان و پهلهاویشتنێكی وایه، كه زه‌حمه‌ت هێزێكی ئابووری له‌و به‌هێزتر بتوانێ ببێته ڕكابه‌ری و بهردهوامیهكهی بوه‌ستێنێ، جیهان له ئاستی ئه‌م فره‌به‌رهه‌م و فره‌جۆر و فره‌ڕه‌نگه‌ی وه‌به‌رهه‌مهێنانی چین ده‌سته‌وه‌ستانه، له ئێستادا فرهجهمسهریهكی كاتی له دنیادا زاڵه، كه ئه‌وه‌نده نابات جه‌مسه‌ری چین وه‌كو جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كی له بواری ئابووری و ده‌سه‌لاتدا دانی پێداده‌نرێت، چین وڵاتێكه كه( زانست ) ی وه‌كو پێگه‌ی سه‌ره‌كی بۆ خه‌رجكردنی سه‌رمایه خستووه‌ته ئاراوه، جگه له‌وه‌ی به‌هۆی بڕیاری تاك حزبیه‌وه كات و چاوه‌ڕوانی له بڕیارداندا خه‌رج ناكات، ئه‌وه‌ی بۆ به‌رده‌وامی ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه زۆر پێویسته ته‌نها بڕێكی زۆری وزه‌یه و دابینكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌یه، به‌تایبه‌ت له ئه‌فریقاوه، چین زۆر بێده‌نگ بووه چه‌قی قورسایی ئابووری جیهان، له‌وێشه‌وه ده‌بێته چه‌قی قورسایی سیاسهتو هاوپه‌یمانه‌كانی كۆده‌كاته‌وه و ده‌شێ كێبڕكێی سیاسیش ببێته پاڵپشتی به‌رده‌وامیدان به‌م سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی ئێستای.
گه‌ر بناغه‌ی هه‌موو ده‌ستپێكردنێك، له ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی چڕ و سه‌ره‌تایه‌كی به متمانه‌وه ده‌ست پێبكات، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، چینیش ئاوڕی له ڕابوردووی پڕ له‌شكۆی پێش زاینی دایه‌وه و بڕوای به توانای خۆی و متمانه‌ی به بڕیاردانهكهی خۆی هه‌بوو. ئاوڕدانه‌وه‌ی چین له ڕابوردووی دووری پێش زاینی، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بوو له‌گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندن و په‌لهاویشتنی ئه‌و كاته‌ی چین له لایه‌كه‌وه و له ڕابوردووی نزیكیش، كه هه‌ژاری و برسێتی و شێواوی و ڕۆچوون به‌ره‌و ئابووریه‌كی ناهه‌موارو وێران‌و داته‌پیو و لاواز له‌لایه‌كیتره‌وه، كه ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تێكی بێ پلان، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دهئاژوی، له نێوان هه‌ردوو ئاوڕدانهوهكهدا شۆڕشێكی ئابووری له‌سه‌رخۆ و به‌رده‌وام سه‌ریهه‌ڵدا، كه ڕوانگه و بۆچوونی شاره‌زایانی له‌و خاڵه‌دا چه‌سپاند كه گه‌شه‌ی ئابووری، به په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی تۆكمه و گشتگیری ڕه‌چاوكردنی سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه ده‌كرێ.
مێژووی ڕێڕه‌وی ڕێگای ئاوریشم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دووسه‌د ساڵ پێش زایینی، له ساڵی ١٣٨ پ.ز قه‌یسه‌ری چین له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی( بنه‌ماڵه‌ی- هان ) پێویستی به پاڵپشتێك هه‌بوو بۆ پاراستنی ناوچه‌كانی سنووری ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی له باكوری ڕۆژئاوای چین، كه له هێرشی چه‌ته و دهوارنشێنهكانی سه‌ر ڕێگای كاروانه‌كانی گوازتنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی بازرگانی، بیپارێزێ، بۆیه له هاوپه‌یمانیه‌ك ده‌گه‌ڕا له نێوان سنووری باكوری ڕۆژئاوای چین و بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكهی به‌ره‌و ئاسیای ناوه‌ڕاست، به‌و هاوپه‌یمانیه‌ی قه‌یسه‌ری ئه‌وسای چین له‌گه‌ڵ پاشاكانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، توانی به درێژایی ڕێگای قافڵه‌كان و بۆ پاراستنیان له ڕێگری و چهتهگری، چه‌كداری تایبه‌ت جێ‌نشین بكات و سه‌لامه‌تی و دڵنیایی بۆ تێپه‌ڕبوونی كاروانه‌كان دابینكردن بكات.
كاروانه‌كانی ئه‌م قافڵانه له شاری تشانغانهوه له ناوه‌ندی چینه‌وه ده‌ستی پێده‌كرد و بیابانی جوبی و به‌رزاییه‌كانی تیبتی ده‌بڕی و پاشان به‌ره‌و ناوچه‌ی تاكلاماكانی و به شاره‌كانی سه‌مه‌رقه‌ند و بوخارادا تێده‌په‌ڕی و به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا‌و كه‌ناره‌كانی خواروی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوینه‌وه ده‌ڕۆیشت تا ده‌گه‌یشته كه‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و له‌وێ له‌نگه‌ری ده‌گرت، كاڵای ئه‌م كاروانانه بۆ ئه‌و كاته چه‌نده‌ها جۆری له به‌رهه‌م و كاری ده‌ستكرد و كاری ده‌ستی چینی ده‌گرته خۆی وه‌كو ده‌فری گڵ و دارچینی و بۆن و گژوگیای سروشتی بۆ ده‌رمانسازی و جل و به‌رگ و كه‌ره‌سته‌ی جوانكاری و زۆریتر، به‌ڵام له هه‌مووی زیاتر ئاوریشم بوو. وڵاتی چین تا سه‌ده‌ی پێنجه‌م مۆنۆپۆڵی بازرگانی ئاوریشمی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا كردبوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاوریشم وه‌كو دیارده‌یه‌كی ( باو ) سه‌رنجی زۆربه‌ی ژنان و كچانی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌و كاته‌ی ڕاكێشابوو، كڕیاره‌كانیشی زیاتر بریتی بوون له بنه‌ماڵه و خێزان و به‌گزاده و شاژنی پاشا و حوكمڕانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، فرۆشیاره‌كانیش ئاڵوگۆڕی ئاوریشمیان به زێڕ و به‌ردی سه‌نگین و میتاڵ و شتومه‌كی جۆراوجۆر ده‌كرد.
په‌ره‌سه‌ندنی بازرگانی و هاتوچۆی قافڵه‌كان هه‌ر به گوازتنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل نه‌وه‌ستا به‌ڵكو بووه هۆی ئاڵوگۆڕ و ته‌شه‌نه‌كردنی كو‌لتور و هونه‌ر و ده‌رمان و ڕێنمایی پزیشكی و چاره‌سه‌رو ته‌نانه‌ت ته‌شه‌نه و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینه‌كانیش ، بۆ نمونه ئاینی بووزی له نیمچه دورگه‌ی هیندستانه‌وه به‌ره‌و چین و سه‌نته‌ری ئاسیا و ئاینی زه‌رده‌شتی له ئێرانه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌كانی دیكه و له سه‌ده‌ی حهوتهمیشهوه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی ئیسلامیش له‌نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بیه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و باكور .
گه‌شه‌ی ئابووری چین له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه ده‌ستیپێكرد، له‌گه‌ل هاتنه سه‌رده‌سه‌ڵاتی دینگ شیاوپینگ له ساڵی ١٩٧٨، بڕیاری بووژانه‌وه و هه‌ڵسانه‌وه‌ی به شۆڕشی ئابووری دا، بڕیارێك بۆ ئه‌و كاته جێگای مشت‌ومڕ و بۆ ئێستاش جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه، بووه خاڵی وه‌رچه‌رخانی ئابووری و ئینجا سیاسی، شیاوپینگ كادره‌كانی له‌سه‌ربنه‌مای شاره‌زایی ته‌كنیكی و زانستی و توانا خسته سه‌ر كار، به‌رنامه‌كانی زۆرتر بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و شۆڕشی زانست و ڕۆشنبیری ته‌رخان كرد، ئاشكراشه كه ئابووری به‌هێز وه‌كو دینه‌مۆی ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ت و چه‌تری ده‌سه‌ڵات وایه، نزیكه‌ی چل ساڵ دوای ئه‌و بڕیاره، ئێستا ئابووری جیهان كه‌وتووه‌ته نێو له‌پی چین و هیچ خێراییه‌ك نیه ڕه‌وڕه‌وه‌ی كاروانه‌كانی له‌سه‌ر ڕێگای ئاوریشمی ئه‌وسا و سه‌رله‌نوێ قیرتاوكراوهكهی ئێستا ڕابگرێ، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه، ته‌نها گۆڕانی كاروانه‌كانی پێش زایینه به ته‌كنه‌لۆژیا و ڕێگای مۆدێرن و بڕینی سنووری زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا و سه‌ردانی به‌رهه‌مه‌كانی به‌ره‌و ماڵی جۆره‌ها نه‌ته‌وه و زمان و ئاین و بۆچوون و ڕوانگه و جێ له‌قكردنی زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی له ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می پێشكه‌وتندا بوون له ڕوبوردوودا.
ئێستا چین وڵاتێكه خاوه‌نی به‌هێزترین چه‌ك و سوپا، خاوه‌نی ڕێگاوبانی ئابووری جیهان، گه‌وره‌ترین فابریكی به‌رهه‌مهێنانی كه‌لوپه‌لی ئاماده‌كراوی جۆراوجۆره، خاوه‌ن وزه‌ی ئه‌تۆمی و چه‌كی ئه‌تۆمی، خاوه‌ن جێگای هه‌میشه‌یی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، خاوه‌ن توانایه‌كی پشتبه‌ستوو به ئابووری بۆ ڕه‌خساندنی په‌یوه‌نیه‌كانی ده‌ره‌وه و ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیه‌كانی، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌ر ڕێگای ئاوریشم، خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێزی بڕیار‌و توانای به‌رده‌وامی، سڵ نه‌كردنه‌وه لهخستنهئاراو خستنه‌كاری سه‌رمایه بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهه‌مهێنان، لێهاتوو له قۆرخكردنێكی نادادپه‌روه‌رانه‌ی كه‌ره‌سته‌ی خاو و سامانی سروشتی وڵاته نهبوژاوهكان به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌فریقا و هه‌ندێ له وڵاته‌كانی ئه‌مریكای باشور، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانی وشكایی و ئاوی و دروستكردنی به‌نده‌ر و له‌نگه‌ر له كه‌ناری ئوقیانوسو ده‌ریاكان له‌سه‌رانسه‌ری جیهان، چین راپه‌ڕینێكه به پشتبه‌ستن به‌زانست و ژماره‌ی زۆری دانیشتوان و بڕیاری سیاسی بێ ڕكابه‌ر و سنووربه‌زاندنی مافی مرۆڤ و سه‌ركوتكردن، ساڵانه ملیۆنه‌ها هاوڵاتی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه ده‌كه‌ن و به داهێنانو بیرۆكه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، هه‌زاره‌ها گه‌نجی به بڕوانامه‌ی زانكۆوه له ده‌ره‌وه‌ی چینه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه نێو وڵات و توانا زانستی و شارهزاییهكهیان له بواری شیاوی خۆی ده‌خه‌نه‌كار و به‌هره‌كان ده‌كه‌نه ئامانجی به‌رهه‌مهێنان
له ساڵی ٢٠١٤ دا شی جینپینگ سه‌رۆكی ئێستای چین، ڕه‌شنووسی پرۆژه‌ی ڕێگای ئاوریشمی سه‌رله‌نوێ ئاشكرا و بڵاوكرده‌وه، كه بریتی بوو له كردنه‌وه‌ی ڕێگای ئاوریشم به ڕێگای وشكایی و ڕێگای ئاوی، پرۆژه‌یه‌كی زیندوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چین كه ده‌توانێ هه‌رسێ كیشوه‌ری ئه‌وروپا و ئاسیا و ئه‌فریقا له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ببه‌ستێته‌وه.
د. مه‌دیحه سۆفی*
* هاوسه‌رۆكی ڕێكخراوی سه‌وزی ئه‌وروپی – كوردستانی.