گواستنەوەی گەنم لە نێوان پارێزگاكانی عێراقدا قەدەغە دەكرێت


بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، گواستنەوەی گەنم لەنێوان پارێزگاكانی عێراقدا قەدەغە دەكرێت.

محەمەد بەیاتی، سكرتێری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرمانی بە فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان و دەستەی دەروازە سنورییەكان و پاسەوانی سنور و سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەكان و خاڵی پشكنینی نێوان پارێزگاكان كردوە، رێگەنەدەن هیچ بارهەڵگرێك دانەوێڵە لەنێوان پارێزگاكاندا بگوازێتەوە.

راشیگەیاند، تەنها رێگە بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكانی وەزارەتی بازرگانی و ئەو كۆمپانیایانە دەدرێت كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەت هەیە بۆ گواستنەوەی گەنم و جۆ لەنێوان پارێزگاكاندا.

وتیشی، بارهەڵگرەكانی وەزارەتی بازرگانی رێگەپێدراون كە گەنم لە بەندەری ئوم قەسرەوە بۆ پارێزگاكان و لەنێوان پارێزگاكاندا بگوازنەوە، لەبەرامبەردا رێگریی لەهەر كارێكی دیكەی لەوشێوەیە دەكرێت بۆ گواستنەوە و هەوڵی دزەپێكردنی بەرهەمی دەرەوە بۆ ساغكردنەوەی بەناوی بەروبومی خۆماڵییەوە.