هەلاجی، پیشەیەک کە بەرەو نەمان دەچێت


هەلاج ئەو کەسەیە کە بە دارێکێ رێکێ درێژ یاخود لە ڕێگەی ئامێرێكی دەستییەوە، كە لە دارێك  لە سیرمەی پێست دروستکراوە، پشکنینەوە یاخود شیکردنەوە بۆ لۆکە و خوری دەکات بۆ دروستکردنەوەی یان تازە کردنەوەی دۆشەگ و لێفە و سەرین.

پیشەی هەلاجی، بە هۆی دروستبوونی ئامێری کارەبایی بۆ شیکردنەوەی خوری و لۆکە. وایكردووە ئەو پیشەیە بەرەو لەناو چوون بچێت. ئەگەر سەیر بکەین لە رابردوویەکی نزیکدا دەمانبینی بە هەر شەقامێک دا برۆشتینایە دوکانی  ئەو وەستایانەمان دەبینی  کە کاری هەلاجییان دەکرد بەڵام لە ئێستادا نابینرێن.

عەبدوڵڵا شەهاب ئیسماعیل کە ساڵانێکە سەرقاڵی پیشەی هەلاجییە سەبارەت بە پیشەکەی ئاماژەی بەوەدا کە لە تەمەنێکی زۆر بچوکەوە دەستی بەم کارە کردووە وتی، “لە تەمەنێکی زۆر بچوکدابووم کە لە ساڵی ١٩٨٩  دەستم کرد بە فێربوونی ئەو پیشەیە”.

ناوبراو وتیشی،”لە ساڵی ١٩٩٧ دوکانی تایبەت بە خۆمم کردەوە. تاوەکو ئەمرۆش بەردەوامم لەسەر پیشەکەم هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو پیشەیە لە لایەن ئەرسەلان سولەیمان و حاجی محەمەد-ەوە فێربووە.
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئیسماعیل وتیشی، “لە کۆندا حاجی محەمەد هەلاج ئەو کارەی دەکرد، دواتر ئەو پیشەیەی داوەتە کوڕە گەورەکەی ئەحمەد، بەهەمان شێوە ئەحمەد-یش پیشەکەی داوەتە کوڕەکانی خۆی. هەروەها حاجی ئەحمەد کچەکانیشی ئەم کارە دەکەن”.

ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆندا هەلاجەکان لەگەڵ ئەو ئامێرانەی کە بەکاریان دەهێنا بۆ ئەم پیشەیە لە شەقامەکاندا دەگەڕان، بەم شێوەیە رونکردنەوەی زیاتری دا، ” لە کۆندا هەلاجەکان دەرۆشتن بۆ ماڵەکان پشکنینەوە یاخود شیکردنەوەیان بۆ لۆکە و خورییەکان دەکرد. 

دواتر حاجی محەمەد ئامێری کارەبایی بۆ شیکردنەوە و دەرهێنانی لۆکە کڕی، هەموو جووتیارەکان لۆکەکانیان بۆ لای ئەو دەهێنا. دوای ئەوەی ئەم لۆکانە دەردەهێنران لە دوکانەکانی بازاڕی قەیسەری دەفرۆشران”.

لە لایەکی دیکەوە ئیسماعیل هەلاج وتیشی، “حاجی محەمەد لە گەڕەکی عەرەب خانووێکی گەورەی هەبوو، هەر لەناو خانووەکەیدا کاری هەلاجی دەکرد و دواتر ئەو لۆکە یاخود خورییەی ئامادەی دەکرد لە دوکانەکەی خۆی لە بازاڕی قەیسەری دەیفرۆشت”.

ناوبراو لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، ” لە کۆندا هەولێرییەکان چەند ساڵ جارێک لەگەڵ هەلاجێک رێکدەکەوتن. هەلاج دەهاتە ماڵەکەیان لە بەیانییەوە تاوەکو درەنگانی شەو پشکنینەوە یاخود شیکردنەوەی  بۆ لۆکەکانی ئەو ماڵە دەکرد ئەم کارەش چەند رۆژێکی دەخایەند. ئەگەر ئەو کەسەی  ماڵی لە گوند بوایە و پێویستی بە هەلاج بو بۆ پشکنینەوە یاخود شیکردنەوەی لۆکەکانی ماڵەکەی هەلاج تا کارەکەی تەواو دەکرد بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە گوندەکە دەمایەوە”.

عەبدوڵڵا شەهاب ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی ئێستاماندا پیشەی هەلاجی لە کەمبوونەوەدایە و وتی، ” زۆربەی هاووڵاتیان لە ئێستادا دۆشەگ و لێفە و سەرینی لە لۆکە دروستکراو بەکار ناهێنن، بەڵام هەندێک لە خێزانەکان تاوەکو ئێستا بە تایبەت ئەو سەرین و لێفە لە لۆکە دروستکراوانه بەکاردەهێنن وە بۆ پشکنینەوە یان شیکردنەوەیان ئێمە بانگهێشت دەکەن”.

ناوبراو بەردەوامی بەقسەکانیدا و وتی، ” لەڕووی تەندروستییەوە ئەو سەرین و لێفانەی کە لە لۆکە دروستدەکرێن  سوودی زیاترە و بۆ ئازارەکانی پشت و مل بەسوودە. تاوەکو ئێستاش هەندێک لە دکتۆرەکان بۆ تەندروستییەکی باشتر  داوای ئەوە لە نەخۆشەکانیان دەکەن کە سەرین و لێفەی لە لۆکە دروستکراو بەکاربهێنن. لەبەر ئەم هۆکارە تاوەکو ئێستا ئەگەر رێژەیەکی کەمیش بێت بایەخ بە دۆشەگ و سەرین و لێفەی لۆکە دەدرێت”.