بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان ئاماژە بەوە دەکات، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان و بەردانەوەی ئاوەکە، مەترسی دروست کردووە بۆیە پێویستە گەشتیاران بە وریاییەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە بکەن.
ڕێژین ڕەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان ڕاگەیاند: “داوا لەو ھاووڵاتییانە دەکەین، کە ئەمڕۆ ھەین 19/4/2019 بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری دووکان دەکەن، پابەند بن بەسەلامەتییانەوە تا و لە ڕووداوی نەخوازراو دوور بن، چونکە بەرزبونوەوە و بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دووکان، مەترسی لەسەر ھەندێک ناوچەی گەشتیاری دروست کردووە.
وتیشی: “داوا لە گەشتیاران دەکەین بەھیچ جۆرێک نزیکی کەناری زێی دووکان و نزیکی ناوچە شاخاوییەکان نەبنەوە، بەتایبەتی بۆ بینینی سەرڕێژی بەنداوی دووکان، ھەروەھا پێویستە گەشتیاران بەبێ ھێلەکی سەلامەتی، گەشتی ئاوی ئەنجام نەدەن و بەھیچ شێوەیەکیش ھەوڵی مەلەکردن نەدەن”.