ئەمڕۆ 18ی نیسانی 2019 کونسڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاند کە بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمەودوا پارە لە گەشتیارانی ئێرانی لەکاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان وەرناگیرێت.
مورتەزا عەبادی، کونسڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاندوە “ئەوکاتەی ئێران پارەی بۆ پێدانی ڤیزا وەردەگرت هەرێمی کوردستانیش بڕی 25000 دیناری لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگرت کە دەهاتنە هەرێمی کوردستان، بەڵام رۆژی رابردوو دیدارێکمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و بەڕێزیان بڕیاریان دەرکرد بەوەی کە چیدیکە ئەو 25 هەزار دینارە لە گەشتیارانی ئێرانی وەرنەگیرێت و تاوەکو دوو رۆژی داهاتوو بە تەواوی هەڵدەگیرێت”.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، ئێران و عێراق لەسەر هەڵگرتنی پارەی ڤیزا لەنێوان دوو وڵات رێککەوتن و نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا رێککەوتننامەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەدوای سەردانی رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا، هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران رێککەوتن بۆ ئەوەی ڤیزا بەبێ بەرامبەر بدرێتە هاووڵاتیانی هەردوو وڵات و ئەو رێککەوتنە لەلایەن ئێرانەوە لە 1ی نیسانی 2019وە جێبەجێکرا، بەڵام وەک بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن “تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنەی جێبەجێنەکردوە”.