بەرهەمی دانەوێڵەی عیراق دەگاتە ئاستی خۆژێنی


حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەڵێت: بەهۆی زۆری باران بارینەوە، پلانی كشتوكاڵی ئەمساڵ سەركەوتوو بووە‌و چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمی گەنم‌و جۆ بگاتە ئاستی خۆژێنی. 

نایف لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردوە: بەپێی ئەو پلانەی بۆ كشتوكاڵی ئەمساڵ دانرابوو 7 ملیۆن‌و 300 هەزار دۆنم زەوی كراوە بە گەنم‌و 4 ملیۆن دۆنم زەویش كراوە بە جۆ، هاوكات ڕووبەرێكی فراوانی تر لە دەرەوەی ئەو پلانە كراون بە گەنم‌و جۆ، بەوهۆیەوە بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ دەگاتە ئاستی خۆژێنی.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی بەوەداوە: ئەگەر بەبێ‌ هیچ گرفتێك پلانی كشتوكاڵی ئەمساڵ تەواو بكرێت، ئەوا ملیۆنان دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەرێتەوە، كە ساڵانی رابردوو بۆ هاوردەكردنی گەنم‌و جۆ خەرجی كردبوو.