ده‌رباز كۆسره‌ت: “٥٦ پڕۆژه‌مان هه‌یه‌ و ٣٦یان كاركردن تێیاندا به‌رده‌وامه‌”

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن لە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ رایگەیاند “رێگەی دووسایدی کەلار- سلێمانی بە ھۆی چەند گرفتێکی کارگێڕییەوە راوەستابوو و ئومێد دەکەین چارەسەری بکەین”.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ  سەبارەت بە کۆتایی ھاتنی قەیرانی دارایی و دەستپێکردنەوە بە پڕۆژە وەستاوەکانی وەزارەتەکەی رایگه‌یاند: “کۆی ئەو پڕۆژانەی کە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێ دەکرێت خۆی لە ٥٦ پڕۆژە دەبینێتەوە، ئەو پڕۆژانەی کە پەیوەندییان بە رێگەوبانەوە ھەیە پێشتر بە ھۆی قەیرانی داراییەوە و لە چەند مانگی رابردووش بە ھۆی باران بارینەوە کارکردن تیایاندا راوەستابوون، بەڵام خۆشبەختانە لە ھەفتەی داھاتووەوە دەست دەکرێتەوە بەکارکردن تیایاندا، بەتایبەت پڕۆژەکانی رێگەوبان”.

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن لە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ سەبارەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێکردنیشەوە وتی: “ئەوەی پەیوەندیی بە کەرتی نیشتەجێکردنەوە ھەیە ھەندێک پڕۆژەمان تەواوکردووە، ھەندێک پڕۆژەش کاریان تیادا دەکرێت و ھەندێکی دیکەشیان گرفتییان ھەیە، ھەیانە گرفتی یاسایی، ھەشیانە گرفتی کارگێڕیان ھەیە و کارییان تیادا دەکەین بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەین”.

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ سەبارەت بەو پڕۆژانەی ئێستا کاریان تیادا دەکرێت و سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنن رایگەیاند “ئێستا ٣٦ پڕۆژەمان ھەن کە پڕۆژەی بەردەوامن و کاریان تیادا دەکرێت”.

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن لە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: “ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رێگەوبان بەردەوام لە پەرەپێدانە و دەبێت بەردەوام کاریان تیادابکرێت، ئێمە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کابینەی ھەشتەم پلانێکی تۆکمەمان داڕشتووە بۆ ئەوەی لە کابینەکانی داھاتوو کار لە چەندین پڕۆژە بکرێت، چونکە ئەو پڕۆژانە پێویستی بە بەرنامەی پێنج ساڵە و دە ساڵە ھەیە، پێویستی بە کات و بوودجەی گەورە ھەیە، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە کۆمەڵێک چاکسازییمان کردووە بەئومێدی ئەوەی ئەو کارانە لە داھاتوودا جێبەجێ بکرێن”.

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ لەمەڕ پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگە دەرەکییەکان بەتایبەت نێوانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند “ھەندێکی کراوە و ھەندێکی لەژێر جێبەجێکردندایە، رێگەی نێوان ھەولێر-دھۆک قۆناغی یەک و دوو سێ چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، رێگەی کەلار-سلێمانی قۆناغی یەک و دووی تەواوبووە، بەڵام بە ھۆی چەند گرفتێکی کارگێڕییەوە کارەکانی قۆناغی چوار و پێنج راوەستابوو و ئومێد دەکەین چارەسەری بکەین بۆ ئەوەی بەزووترین کات دەست پێ بکرێتەوە، ئەگەر گرفتی گەورە نەیەتە پێشەوە ئومێد دەکەین لە دوو سێ ساڵی داھاتوو بتوانین ھەموو شارە گەورەکانی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی دووسایدەوە بەیەکترەوە ببەستینەوە”.