ماوەی دوو رۆژە شاندێکی ژووری بازرگانی شارۆچکەی گەبزە سەربە پارێزگای کۆجائیلی رۆژئاوای تورکیا لە هەرێمی کوردستانن و ئەمڕۆش لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکیان واژووکرد تایبەت بە ئاڵوگۆڕ و پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.
سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی: “شارۆچکەی گەبزە بەناوبانگە و دووەم شارە لە هەناردەکردن و بوونی کارگەی گەورە و بەتوانا. ئەمڕۆش ژووری بازرگانی ئەوێ لێرەن و رێککەوتننامەیەکمان واژووکرد بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان و هیوادارین کە بازرگانان بتوانن پەیوەندیی بازرگانی دروست بکەن کە ئامانج لێی خزمەتکردنی بازرگانییە”.
لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکەش، دارا جەلیل خەیات وتی: “ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکە بریتییە لەوەی پەیوەندی دووقۆڵیمان هەبێت و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان بکەین دەربارەی بازرگانی و بتوانین ئاسانکاری بۆ بازرگانان و خاوەنکاران بکەین”.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی گەبزە، نایل چیلەر وتی: “ئەمڕۆ لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لێرەین، سەرەتا بازرگانانی ئێمە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ شوێنەکە دەکرێت لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی گەبزە وتیشی: “یەکەمجارە دێمە هەرێمی کوردستان و وا هەست دەکەم لە ئورفا و ماردین-م، پەیوەندییەکی مێژوویی و کولتووریی بەهێز لە نێوانماندا هەیە”.
نایل چیلەر وتیشی: “شاندەکەی ئێمە لە ١٣ کەس پێکهاتووە، هەندێکیان پێشتر وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەم سەردانەش زیاتر مەبەست لێی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوولایە و لێرە رەوشێکی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکرێت”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە شارۆچکەی گەبزە هێندەی٦٠ شاری تورکیا بازرگانی لێ دەکرێت و ١٠٣ ناوەندی گەشەپێدانی کاڵاکانی هەیە و نۆ ناوچەی پیشەسازیشیی تیادایە.