سلێمانی كۆمه‌ك بۆ لێقه‌وماوانی لافاوه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ده‌نێرێت

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند له‌سبه‌ینێه‌وه‌ كه‌مپینی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاریكاری بۆ لێقه‌وماوانی لافاوه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌شاری سلێمانی ده‌ستپێده‌كات.

له‌كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئازاد حه‌مه‌ ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌هاوكاری تۆڕی ڕێكخراوه‌كان له‌سبه‌ینێ 18-4-2019 كه‌مپینی كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری و كۆمه‌كی مرۆییه‌كان بۆ لێقه‌وماوانی لافاوه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستپێده‌كات و پێده‌چێت ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ بخایه‌نێت.

وتیشی: له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، تۆڕی ڕێكخراوه‌كان، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، سه‌ندیكای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان و چه‌ند ڕێكخراوێكی تر به‌شدارن وله‌چه‌ندین شوێنی سلێمانی كۆمه‌كه‌كان كۆده‌كرێنه‌وه‌ و مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌كی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كه‌كان هۆڵی كورته‌باڵاكان ده‌بێت.

وتیشی: هه‌موو ڕێكاره‌ یاساییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌واو كراوه‌ و له‌گه‌ڵ كۆنسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سلێمانی هه‌ماهه‌نگی كراوه‌ بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌كه‌كان به‌ زیان لێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی ئێران.