وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “پێش ھاتنی داعش رێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان بریتی بوو لە ٦،٥ لەسەد، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢،٢ لەسەد دابەزیوە”.
لەسەروبەندی راگەیاندنی رووپێوییەک لە بارەی بازاڕی کار و شیکردنەوەی کارامییەکان لە عێراق، عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “عێراق و ھەرێمی کوردستان کێشەی نەبوونی سیستەمێکی دامەزراوەیان ھەیە بۆ چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکان لە پێویستییەکانی کاردا”.
هاوکات سندی وتی، “رێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان لە پێش شەڕی داعش واتە پێش ساڵی ٢٠١٤ بریتیی بوو لە ٦،٥ لەسەد، ئەو رێژەیە لەساڵی ٢٠١٥ گەیشتە نزیکەی ١٣،٥ لەسەد، ھەروەھا خۆشبەختانە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ەوە بۆ رێژەی ٢،٢ لەسەد دابەزی، ھەردوو وەزارەتی پلاندانان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ رێکخراوی یونیسکۆ رێککەوتوون بۆ ئەوەی ھەڵسەنگاندنی بازاڕی کار بە مەبەستی بەدەستھێنانی ریشاندەر و ئەو توانا و لێھاتووییانەی ھەن لە رێگەی سوود وەرگرتن لە توانای مرۆیی ئەو بۆشاییەی لە بازاڕی کاردا ھەیە پڕ بکرێتەوە”.
لەلایەکی دیکەوە وەزیری پلاندانان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیرانی حکوومەتی ھەرێم و بەرپرسانی رێکخراوە بیانییەکان و کۆنسولی چەند وڵاتێک ئەو قسانەی کرد و وتیشی، “ئێستا کێشەمان ھەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەبوونی سیستەمێکی دامەزراوەیی بۆ چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکان لە پێویستییەکانی کاردا لە رووی ھێزی کار یان بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ دابینکردنی شارەزایی داواکراو”.