وەزارەتی پلاندانان هۆکاری کەمکردنەوەی بودجەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئاشکرادەکات و دەڵێت، پەیوەندی بە بەغداوە هەیە.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەکان لە وەزارەتی پلاندانان راگەیاندووه”لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی وەبەرهێنان لە 2.6 ترلیۆن دینار کەمکراوەتەوە بۆ 1.5 ترلیۆن دینار، ئێمەش ناچاربووین بودجەی هەموو پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان کەمبکەینەوە و لەنێویشیاندا شەقامی 100 مەتری سلێمانی”.
بودجەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بۆ ئەمساڵ لە 90 ملیار دینارەوە بۆ 50 ملیار دینار کەمکراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەکان باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەو وەبەرههێنەرەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی وەردەگرێت، توانی لە ماوەی ساڵێکدا بە بەهای 50 ملیار دینار کاربکات، ئەوا وەزارەتی دارایی “ئەگەر پارەی هەبێت” دەتوانێ بڕی زیاتری بۆ خەرجبکات.
لەبارەی دەستبەکابوون لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، زاگرۆس فەتاح دەڵێت، هەرکات وەزارەتی دارایی پارەی دەستکەوت یان حکومەتی عێراق بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگاکانی رەوانەکرد، دەست بە کارکردن دەکرێت.
شەقامی 100 مەتری سلێمانی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی سلێمانی. پێشتر وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2019 بڕی 90 ملیار دیناری بۆ تەرخانکرد و کۆی گشتی تێچوونی پڕۆژەکە 470 ملیار دینارە.