خاوه‌ن کارگه‌کانی شیره‌مه‌نی کێشه‌کانیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی


خاوه‌ن کارگه‌کانی شیره‌مه‌نی له‌سنوری پاريزگای سلێمانی سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازیان کرد و له‌گه‌ڵ سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژوور و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کارگێری ژوور کۆبونه‌وه‌.

له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ”پارێزگاری له‌ به‌رهه‌می ناوخۆی ناکرێت، ده‌روازه‌ سنوریه‌کان کراوه‌ته‌وه‌ به‌رووی ئه‌و کاڵایانه‌دا که‌ له‌ ناوخۆی کوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و ده‌توانن پێداویستی بازاڕه‌کانی عێراق پڕبکه‌نه‌وه‌، ئه‌م کێشه‌یه‌ش ته‌نها له‌ سلێمانی نیه‌ سه‌رجه‌م کوردستان و عێراقی گرتۆته‌وه‌”.

ڕاشیگه‌یاند ”گه‌وره‌ترین کارگه‌کانی بواری شیره‌مه‌نی له‌ سه‌ر ئاستی عێراق ده‌که‌وێته‌ پارێزگای سلێمانیه‌وه‌، به‌ هه‌زاران که‌س کاری تێدا ده‌کات، بۆیه‌ پێوسته‌ به‌ هه‌موومان پشتگیریان لێ بکه‌ین، ئێمه‌ ئه‌مرۆ له‌ نزیکه‌وه‌ گفتوگۆمان کرد سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌و گرفته‌کانیان، هه‌وڵ ده‌ده‌ین كێشه‌کانیان بگه‌یه‌نین به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ زیاتر توشی زه‌ره‌ر نه‌بن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ”هه‌وڵده‌دین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم گفتوگۆ بکه‌ین به‌ مه‌به‌ستی ده‌رکردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌بێته‌ هۆی پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ، یاساکانی حکومه‌تی عێراقی سێ مانگ هاورده‌کردنی شیره‌مه‌نی قه‌ده‌غه‌ ده‌کات داواکارین له‌ کوردستانیش په‌یره‌و بکرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م کارگانه‌ ئاسانکاریان بۆ بکرێت هاوکاری بکرێن به‌ ده‌یان هه‌زار هه‌لی کاردن ده‌ره‌خسێنن”.

خالید حاجی عه‌لی، خاوه‌ن کارگه‌ رایگه‌یاند ”کيشه‌و گرفتی زۆرمان هه‌یه‌، له‌ لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پاڵپشتی ناکرین، بارودۆخ ئاوا به‌رده‌وام بێت ناچارین کارگه‌کانمان دابخه‌ین، چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا 10 هه‌زار هه‌لی کارمان ره‌خساندبوو ئێستا ئه‌و رێژه‌یه‌ دابه‌زیه‌وه‌ بۆ دوو هه‌زار که‌س تا دێت بارودۆخمان خراپتر ده‌بێت، داواکارین یاساکانی حکومه‌تی عێراقی په‌یره‌و بکرێت که‌ هاورده‌ کردنی به‌رهه‌مه‌کانی شیره‌مه‌نی غه‌ده‌غه‌ ده‌کات و باج ده‌خاته‌ سه‌ر به‌رهه‌می هاورده‌”.