وەزارەتی پلاندانان 420 كۆمپانیا و بەڵێندەر ده‌خاته‌ لیستی رەشەوە


وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند زیاتر لە 36 هەزار كۆمپانیا و بەڵێندەر لە وەزارەتەكەیان تۆماركراون و زیاتر لە 420یشیان خراونەتە لیستی رەشەوە.

ئەمڕۆ عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند وەزارەتەكەیان كۆمپانیا و بەڵێندەرەكان لەسەر كۆمەڵێك بنەما و میكانیزمی یاسایی لە نێوان 1-10 پلەدا پۆلێنبەند دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە تا پێش ساڵی 2009 22 هەزار و 515 كۆمپانیا پۆلێنكرابوون، لە دوای 2009شەوە تا 2018، 12 هەزار و 411 كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە پۆلێنكران.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان روونیشیكردەوە كە لە كۆی ئەو كۆمپانیایانە تەنیا 28یان وەك “نایاب” تۆماركراون و چوار هەزار و 690 كۆمپانیاش لە پلەی یەكەمدان. ئاماژەشیدا بەوەی كە زۆترین ژمارەی كۆمپانیاكان لە پلەی پێنجەمدا پۆلێنكراون كە نۆ هەزار و 863 كۆمپانیا و بەڵێندەرن، كەمترین ژمارەش لە پلەی حەوتەمدایە كە 336 كۆمپانیا و بەڵێندەرن.

عەبدولزەهرە هندوای راشیگەیاند وەزارەتی پلاندانان 426 كۆمپانیا و بەڵێندەری عێراقیشی خستووەتە ناو لیستی رەشەوە و هۆكارەكەشی بۆ پابەند نەبوونی كۆمپانیا و بەڵێنەدەرەكان بە رێككەوتن و گرێبەستەكان گەڕاندەوە، لە بەرامبەریشدا 305 كۆمپانیا و بەڵێندەریش لە لیستی رەش دەرهێنران، ئەویش دوای ئەوەی ماوەی یاسایی سزادانەكەیان كۆتایی هاتووە.