پەیام عەزیزی لە فیستیڤاڵی بەهای خێرخوازیی لە سلێمانی کۆنسێرت ساز دەکات

 
“پەیام عەزیزی” گۆرانیبێژی کورد لە فیستیڤاڵی بەهای خێرخوازیی لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کۆنسێرتی خێرخوازیی ساز دەکات.
 
کۆنسێرتی خێرخوازیی “پەیام عەزیزی” گۆرانیبێژی هەورامی بە هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەندامانی کوردی گرووپی موزیکی “باقودسیان”، بە بۆنەی سی و یەکەمین ساڵی دامەزراندنی ڕابیتەی ئیسلامی کورد” کە دەزگایەکی خێرخوازی مرۆڤ دۆستییە، بە سەرپەرەستی و ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر “عەلی قەرەداغی” ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، ڕۆژی دووشەمە 15ی ئەپرێلی 2019 لە فیستیڤاڵی بەهای خێرخوازیی لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی پێتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و هاتن بۆ هەمووانە و داهاتەکەی بۆ منداڵانی بێباوک و کاری خێرخوازیی تەرخان دەکرێت.
 
“پەیام عەزیزی” لەم کۆنسێڕتە خێرخوازییەدا کۆمەڵێک پارچە موزیک و گۆرانی کوردیی لەوانە: “الله مەدەد”، “یا رەسوالله یا شاهی مەدینە”، “یا رەسوالله دەخیل”، “یار میگوید الله”، “تیری موژگان” و “ساقی” پێشکەش دەکات.
 
ئەندامانی گروپی موزیکی “باقودسیان” کە “پەیام عەزیزی” لەم کۆنسێڕتەدا هاوڕێیەتی دەکەن بریتین لە: “پەیمان سەلیم فەرد” ـ ژەنیاری سەنتوور و سەرپەرەستی گرووپ، “فەرامەرز مەعرووفی” ـ ژەنیاری کەمانچە، “زانیار پێندار” ـ ژەنیاری عوود و دیوان،”ئەفشین خەرامان” ـ ژەنیاری زەرب و موختار زەندسەلیمی ـ ژەنیاری دەف.
 
فیستیڤاڵی بەهای خێرخوازیی پێشانگایەکی تایبەت بە دەستڕەنگینی خانمانی کورد لە خۆدەگرێت کە داهاتەکەی بۆ منداڵانی بێباوک و کاری خێرخوازیی تەرخان دەکرێت.
 
دوایین کۆنسێڕتی “پەیام عەزیزی” بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە منداڵانی بێ سەرپەرەست و کۆکردنەوەی یارمەتی، بە هاوکاری ئەندامانی کوردیی گروپی موزیکی “ئەوین” و بە ئامادەبوونی “هورموز شوجاعی میهر” پێشکەشکاریی ناودار و بەتوانای ئێرانی لە هۆڵی گەورەی ئازادی لە شاری سنە بەڕێوەچوو کە لە لایەن هۆگرانی موزیکی کوردیی و لایەنگرانی ئەم گۆرانیبێژە کوردەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا، بە شێوەیەک کە نزیکەی 2500 کەس لە نزیکەوە ئەم کۆنسێڕتەیان بینی و هەروەها لە لایەن کەسانی خێرخوار و مرۆڤ دۆستیشەوە بڕی پارەی 300 میلیۆن تمەن بۆ ئەم منداڵە ئازیزانە کۆکرایەوە.