هێڵی ئاسنی ئێران دەگاتە هەرێمی كوردستان


مەحمود واعزی، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، گەیاندنی هێڵی ئاسنی ئێران تا پارێزگای سنە‌و دواتریش تا سنورەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی حكومەتدایە.

مەحمود واعزی، لە كۆبوونەوەی سەرمایەگوزاری‌و گەشەپێدانی پارێزگای سنە ئاماژەی بە هەڵكەوتەی ستراتیژی پارێزگای سنە‌و دراوسێیەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد‌و وتی، پێویستە گرنگی زیاتر بە پارێزگا سنورییەكان بە تایبەتیش سنە بدرێت، چونكە بەشێكی زۆر لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان لەم پارێزگایانەوە دەكرێن، هەروەها ئاماژەی بەڕێكەوتنی ئێران‌و عێراق كرد بۆ كردنەوەی 5 شاری پیشەسازی هاوبەش كە یەكێكیان لە پارێزگای سنە دەبێت.

واعزی ئاماژەی بەوەشكرد، پەرەپێدانی هێڵی ئاسنی ئێران تا پارێزگای سنە‌و دواتریش تا سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەڕیزی بەرنامەكانی حكومەتدایە‌و چاوەڕوان دەكرێت بە دابینكردنی بودجەی پێویست، بخرێتە بواری جێبەجیكردنەوە.

بەرپرسی نوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران تەئكیدی كردەوە، ئێران هاوبەشی سەرەكی ئابووری عێراقە‌و زۆرترین هاوردەی ئەو وڵاتەش هەر لە ئێرانەوە دەكرێت، هەروەها عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەدەرفەتێكی گەورە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردە‌و تێپەڕاندنی گەمارۆكانی ئەمریكا دادەنرێن.