دۆسیه‌ى به‌شه‌ خۆراكى هاوڵاتییان تاوتوێ ده‌كرێت

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانى عێراق راى گه‌یاند، لیژنه‌كی ئەنجوومەنی نوێنەران بانگى وه‌زیرى بازرگانى عێراق ده‌كه‌ن بۆ تاوتوێ کردنی به‌شه‌ خۆراكى مانگانه‌ى هاووڵاتییان.

ئەمرۆ شەممه‌ 13ی نیسان، موزڕ خه‌زعه‌ل ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئابوورى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى  رایگه‌یاند، به‌م نزیكانه‌ په‌رله‌مان بانگهێشتى محه‌مه‌د هاشم عانى وه‌زیرى بازرگانى ده‌كات بۆئه‌وه‌ى به‌ ئاماده‌بوونى ئه‌و تاوتوێى به‌شه‌ خۆراكى مانگانه‌ بكرێت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وان له‌ په‌رله‌مان ده‌یانه‌وێ سه‌رچاوه‌ى هاورده‌كردنى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ بزانن و هه‌روه‌ها زانیارییان له‌باره‌ى چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى هه‌بێت.

له‌ باره‌ى دیاریكردنى واده‌ى دانیشتنه‌كه‌، ئه‌ندامه‌كه‌ى لیژنه‌ى ئابوورى په‌رله‌مان هیچ وادەیەکی نەدرکاند، به‌ڵام دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ دانیشته‌كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌بێت.

له‌ به‌شێكى ترى لێدوانەکانى ئاشکرای دەکات، له‌مانگى ره‌مه‌زان دوو ماده‌ بۆ پسووله‌ى به‌شه‌ خۆراكى مانگانه‌ زیاد كراوه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ ئاردى سپى و نیسك.

عێراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى په‌یڕه‌وى پێدانى به‌شه‌ خۆراكى مانگانه‌ بە هاووڵاتییانی ده‌كات.