لیرەی تورکی زیاتر دادەبەزێت، ئەو کۆمپانیایانەی بە دۆلار قەرزدارن مایەپووچ دەبن

موحەمەد ئەلئەریان ڕاوێژکاری باڵا لە دامەزراوەی ئابووری ئالیانز (Allianz)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی CNBC هۆشیاریدا دەربارەی زیاتر دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و وتی “بەهای دۆلار بەرزتر دەبێتەوە”.

ئەلئەریان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەری لەسەر زۆرێک لەو وڵاتانە درووست دەکات کە لە قۆناغی بەرەو پێشچووندان و زیانێکی زۆر لەو کۆمپانیایانە دەدات کە قەرزی دەرەکییان لەسەر یاخود لە ناوخۆدا بە دۆلار قەرزدارن. شایانی باسە لە ئێستادا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە تورکیادا نزیکەی ٢٢٠ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکییان لەسەرە.

گروپی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئولکەر و دۆغوش و بۆروسان، دوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری لە تورکیا، جارێكی دیکە لەگەڵ بانکە بیانییەکان دەستیان کردەوە بە گفتوگۆ بۆ ئەوەی وادەی دانەوەی قەرزەکانیان بۆ درێژ بکرێتەوە. ئەلئەریان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەتا زیاتر بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان دابەزێت، قەرزەکانی سەر ئەو کۆمپانیایانە زیاتر کەڵەکە دەبێت لەسەریان و مەترسی مایەپووچبوون لەسەریان درووست دەکات.