هێڵی ئاسمانی عێراقی رونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

هێڵی ئاسمانی عیراق هەواڵی دروستبونی کێشەی هونەریی لەکاتی گەشتی فرۆکەیەکی بۆ هەولێر رەتکردەوە و داوای کرد دەزگاکانی راگەیاندن بەوریایەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە روداونە بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە ١١ی نیسانی ٢٠١٩، چەند دەزگایەکی راگەیاندن بڵاویانکردەوە “فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عیراق گەشتێکی بە ١٤٤ سەرنشینەوە لە بەغداوە بەرەو هەولێر کردووە، بەڵام لە ئاسمانی فرۆکەخانەی هەولێر بۆ ماوەی یەک کاتژمێر وەستاوە و نەیتوانیوە بنیشێتەوە، بەڵام دواتر بە هەوڵی کاپتنی فڕۆکەکە بەبێ هیچ زیانێک فرۆکەکە لە ئاسمانی هەولێر نیشتۆتەوە”.
 
لەوبارەیەوە هێڵی ئاسمانی عیراق لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاندوە “هیچ فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عیراق روبەڕوی روداوی لەو جۆرە نەبووەتەوە و هەموو فرۆکەکانی کۆپانیاکەیان لە هەموو رویەکەوە بە پارێزراوی کاری خۆیان دەکەن”.
 
داواشی لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن کرد خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بۆ زیادکردنی بینەر لە رێگای هەڵخەڵەتاندنی خەڵک.