كۆنسوڵی ئێران له‌باره‌ی ڤیزا هۆشدری دەداته‌ هەرێمی كوردستان

كۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لەبارەی وەرگرتنی پارەی رسومات لە خەڵكی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان هۆشدری دەدات لەوەی كە ناچار دەبن پارەی ڤیزا لە هاوڵاتیانی هەرێم وەربگرن ئەگەر وەرگرتنی ئەو پارەیە بەردەوام بێت. 

مورتەزا عەبادی، كۆنسوڵی ئێران لە هەولێر، لەبارەی وەرگرتنی  پارەی رسوماتی هاتنەناوە لە هاوڵاتیانی ئێرانی رایگەیاند: لابردنی تێچووەكانی سەردان وەك پارەی ڤیزا و رسوومات، دەرەنجامی سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ بەغداد  و گەیشتن بە رێككەوتن بووە، ئەو پرسەش لەگەڵ كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، خرایەڕوو، بەڵێنیاندا ئەو تێچوو و رسووماتانە لاببرێن.

ناوبراو ئەوەشی ئاشكرا كرد كە جیا لەو كۆبوونەوانە، بەشێوەی نووسراویش بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان گەیێندراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو رێككەوتنە لەلایەن ئێران و عێراقەوە جێبەجێكرا، ئاگاداركراوینەتەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە وەرگرتنی پارەی رسوومات بەبڕی 25000 دینار بۆ هەر نەفەرێك لەو ئێرانییانەی لە سنوورەكانی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران دێنە هەرێمی كوردستان.

كونسوڵی ئێران ئەوەشی راگەیاند: ئەگەر گفتوگۆكان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وەڵامێكی ئەرێنی لێنەكەوێتەوە، بەپێچەوانەی خواستی ئێمە، ناچارین ئێمەش بەو شێوەیەی خۆیان رەفتاربكەین.