حكومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

حكومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و لەو بارەیەوە بۆ خەمڵاندنی زیانەكان لیژنەیەك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق و نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ لیژنه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی لافاو  ڕاگه‌یاند” ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كۆبووینەوە‌ و بڕیاردرا‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی لافاو به‌ر هاوڵاتیان كه‌وتووه”.

ئاماژەی بەوەش كرد، بڕیاره‌كەی‌ حكومه‌تی عێراق هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ و و بڕیاره‌ له‌ ڕێگه‌ی دوو لیژنه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی بۆ خه‌مڵاندنی لێكه‌وته‌كانی لافاو پێكده‌هێنرێت، قه‌باره‌ی زیانه‌كان دیاری بكه‌ن و قه‌ره‌بووی ماددیان بكرێته‌وه‌.

بەهار مەحمود روونیكردەوە، وه‌ك نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان داوایان كردووه‌ لیژنه‌ و بودجه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌ هه‌ردوو به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و دوكان دابین بكرێت و‌ كۆی ئه‌و زیانانه‌ی له‌ ئه‌نجامی لافاو ڕوویانداوه‌، به‌پێی خه‌مڵاندن و جۆرێتی ڕووداوه‌كه‌ بڕیاریان له‌باره‌وه‌ بدرێت.