ئێران ڕۆژانە 4 هەزار ئۆتۆمبێل دروست دەكات


ڕەزا ڕەحمانی وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی‌و كانەكانی ئێران ڕایگەیاند: بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئێرانی گەیشتۆتە 4 هەزار ئۆتۆمبێل لە رۆژێكدا‌و پلانیشیان هەیە لە ساڵی 2021دا 3 ملیۆن ئۆتۆمبێل بەرهەم بهێنن.

ڕەحمانی لە میانی بەشداریكردنی لە دیداری كۆمپانیاكانی پیشەسازی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل وتی: لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا كۆمپانیای سایپا ڕۆژانە 400 ئۆتۆمبێل‌و كۆمپانیای ئێران خودڕەویش ڕۆژانە 800 ئۆتۆمبێلیان دروستكردووە، بەڵام بەهۆی ڕێوشوێنەكانی وەزارەتی پیشەسازیەوە، لە دوایین مانگی ئەو ساڵەدا كە لە 20ی 3ی 2019دا كۆتایی هات، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ چوار هێندەی پێشووی بەرزبوەوە‌و لەماوەی ئەو مانگەدا ڕۆژانە 4 هەزار ئۆتۆمبێل بەرهەمهێنراوە.

وتیشی: لە كەرتی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل‌و پارچەی یەدەگدا نزیكەی 700 هەزار كەس كار دەكەن‌و پلانی ئەوەشیان هەیە لەساڵی 2021دا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بگەیەننە 3 ملیۆن‌و لەو ژمارەیەش یەك ملیۆن ئۆتۆمبێلی هەناردەی دەرەوە بكەن.