ئاستی بێکاری لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ له‌سه‌دا ١٠% کەمی كردوه‌

ڕێکخراوی ئاماری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند کە ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان، بۆ سەدا دە و ئاستی هەژاریش بۆ سەدا ٦.٥ کەمی کردووە.

بەپێی دوالێکدانەوەو لێکۆڵینەوە ئەنجام گرتووەکان لەلایەن ڕێکخراوی ئاماری هەرێمی کوردستان ئێستا ڕێژەی بێکاری لەهەرێم بۆ سەدا دە کەمی کردووەو ئەو ئامارە لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە سەدا نۆ.

سیروان محەممەد سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماری هەرێمی کوردستانیش ده‌ڵێت ”بە باشتربوونی ڕەوشی ئابوریی هەرێم و دەربازبوون لە قەیران، ئاستی هەژاریش لەهەرێم بۆ سەتا ٦.٥ کەم بووەتەوە”.

پێشتر بانکی جیهانی بەبڵاوکردنەوەی راپۆرێک ڕایگەیاند ”ئاستی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی٢٠١٣ سەتا سێ بووەو لەساڵی٢٠١٦دا بۆ سەتا١٢ زیادی کردووە”.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ”لەساڵی٢٠١٥دا بێکاری لە هەرێمی کوردستان شەش هەتا حەوت لەسەتا بووە بەڵام لە ساڵی٢٠١٧ گەیشتە سەتا ١٣ و ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ دۆخی وڵاتی عێراق”.