سلێمانی دەبێتە ناوەندێكی گەورەی پزیشكی


لەسلێمانی چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دڵ دەستیبەكارەكانی كردو بڕیاریشە ماوەی سێ رۆژ بخایەنێت و تیایدا چەندین توێژینەوە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، پسپۆڕانی بوارەكەش دەڵێن ئامانجیانە لەداهاتوودا نەخۆشخانەیەكی تایبەتی دڵ دابمەزرێنن بەئامانجی بەئەستێرەكردنی سلێمانی لەبواری چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی دڵدا.

لەدەستپێكی كۆنفرانسەكەشدا، د.ئارام جەمال رێكخەری كۆنفرانسەكە، ئاماژەی بەوەدا كە هەوڵەكانیان بۆ بەرەوپێشچوونی كەرتی تەندروستی و بەتایبەت لەبواری نەخۆشییەكانی دڵ بەردەوامە لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و لەكۆنرفرانسەكانیشدا هەوڵیانداوە بابەتی نوێ بخەنەڕوو، وتی: بۆ ئەم كۆنفرانسەش هەوڵی نوێیان گواستنەوەی بەخشی راستەوخۆی هۆڵەكانی نەشتەرگەرییە لەپێش نەشتەرگەری قەستەرەو شەبەكەو باڵۆنە لەنەخۆشخانەوە بۆ هۆڵی كۆنفرانسەكە كە زیاتر لە 200 پزیشكی پسپۆڕ لەبواری نەخۆشییەكانی دڵ لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و 12 وڵاتانی جیهان بەشدارن و گفتوگۆی لەسەر دەكەن.

وتیشی: ئامانج لەبەستنی كۆنفرانسەكە دروستكردنی پردێكەی هاوبەشی زانستییە لەنێوان پزیشیكانی دڵی سلێمانی و هەرێم  و عیراق و بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهاندا كە زامنێكی گرنگە بۆ بەرەو پێشچونی بواری زسانستنی پزیشكی، بۆیە زیاتر لە 200 پزیشكی پسپۆڕمان كۆكردۆتەوە.

ئەوەشی وت: ئامانجیشیمانە لەداهاتوودا نوێترین تەكنەلۆجیای زانستنی لەبواری نەخۆشییەكانی دڵ بێنینە سلێمانی و هەرێمی كوردستان و بتوانین نەخۆشخانەیەكی تایبەت و پرۆفیشناڵ لەبواری نەخۆشییەكانی دڵ لەسلێمانی دابمەزرێنین، بەئامانجی بەئەستێرەكردنی سلێمانی و كوردستان لەبواری چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی دڵ، ئەوەش پێویستی بەهاوكاری و پشتیوانی حكومەتی هەرێم دەبێت.

لەبارەی كۆنفرانسەكەشەوە، د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: كۆنفرانسەكە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و تیایدا ئەو پێشكەوتنە تەندروستیانە باس دەكرێت كە لەسەنتەری دڵ لە سلێمانی كراوە، هەروەها لەكۆنفرانسەكەدا ڤیدیۆی نەشتەرگەری بەشێوەی راستەوخۆ دەگوزارێتەوەو چەندین تیمی نێودەوڵەتی ئامادەبوو باس لەپێشكەوتنە نوێیەكانی بواری تەندروستی بەتایبەت لەدڵدا دەكەن، لەسلێمانیش لەسێتكەری دڵدا پێشكەوتنی گەورە هەیە لەبەشی گەورەو منداڵانیشدا.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە كۆنفرانسەكە گرنگی تایبەت بەخۆی هەیە بەتایبەت لەڕووی زانستییەوە، چونكە دەبێتە هۆكارێك بۆ متمانە بوونی سەنتەر جیهانییەكان بەسەنتەرەكانی دڵ لەسلێمانی.

ئەوەشی خستەڕوو: بەهۆی پێشكەوتنی سلێمانی لەڕووی تەندروستییەوە، بەتایبەتیش نەخۆشییەكان و نەشتەرگەری دڵ، چەندینجار تیمی پسپۆڕی ئیتالی هاتوون و نەشتەرگەرییان بۆ دڵی منداڵان كردوە، هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی ئاستی سەنتەرەكانمان كە هەموو پێداویستییە زانستییەكانی تێدایە كە ئەوان بۆ نەشتەرگەری دەیانەوێت.