رووباری دیجلە سەرڕێژبووە: بەهۆی زۆری بارانبارینەوە بەشێک لە شوێنە گەشتیارەکان ژێرئاو کەوتوون

به‌هۆی زۆریی بارانابرینەوە رووباڕی دیجلە سەرڕێژبووە و بەشێك لە شوێنە گەشتیارییەكانی بەغدا ژێرئاو كەوتن.

بەپێی زانیاری دەزگاکانی راگەیاند، بە هۆی سەرڕێژبوونی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان و بارینی بارانی زۆرەوە، ئاستی ئاوی رووباری دیجلە بەرزبووەتەوە و شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەی قورەیات، ئەعزەمییە و كەرادە ژێرئاو كەوتوون.

هاوکات ملازم ئەحمەد خەلەف، ئەفسەر لە هێزەکانی پۆلیس لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بە هۆی سەرڕێژبوونی ئاوی رووباری دیجلەوە كە بەناوەندی پایتەختدا تێدەپەڕێت، زیانی زۆر بە ناوچە گەشتیارییەكانی شارەكە گەیشتووە.

لەلایەکی دیکەوە عادل زەرکانی، جێگری پارێزگاری واست باشووری عێراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بە هۆی مەترسیی ژێرئاوكەوتنەوە، گوندی ئوم وەفا لە كەناری رووباری دیجلە چۆڵكراوە.

هەفتەی رابردوو حكوومەتی عێراق لەبارەی مەترسیی لافاوەوە هۆشداریی دایە دانیشتوانی شارەكانی بەغدا، دیالە، مووسڵ و واست كە دیجلە پێیاندا تێدەپەڕێت.

بە هۆی بارانی زۆرەوە بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی باكوور، چەندین بەنداو و دەریاچە و زێ لەدوای چەندین ساڵ سەرڕێژیان كردووە.