قوباد تاڵەبانی لە ساڵیادی روخاندنی رژێمی بەعسدا داوا دەکات یەکتر سڕینەوە و یەکتر قبووڵنەکردن فڕێبدرێت و ئاشتەوایی و رێککەوتنی نیشتمانی بێنینە ئاراوە دەشڵێت”با له ئاست هاشوهوشی موزایدهچییهكاندا وشیاربین، ههر ئهو موزایدهچیانهی دهیانهوێت سهدامی گهوره تاوانباری مێژوو، سهدامی ئهنفال و كیمیاباران له بهرچاوی خهڵك بكهنه پیاوچاك.
ئەمڕۆ 9ی نیسان لە ساڵیادی روخاندنی رژێمی بەعس قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند: کورد ھەمیشە لە سەر حەق بووە، کورد لە یەکەم رۆژەوە تا دواین رۆژی تەمەنی بەعس دژی سەدام و رژێمەکەی وەستایەوە، باجەکەشی بە ھەزاران شەھیددا، بە دۆزەخی ھەڵەبجە و ئەنفال و کیمیاباراندا تێپەڕبووین، بەڵام دواجار کورد سەرکەوت و بەعس و سەدام کۆتاییان ھات، کورد لەسەر حەقە و ھەمیشە خواستەکانی گەلی کورد سەردەکەوێت، لەبەرئەوە با چیتر نە لە ئێستا و نە لە داھاتووشدا کەس دژایەتی خواست و داواکانی کورد نەکات، چونکە حوکمی مێژووە خواستی کورد سەردەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێت رۆژی 9ی نیسان وەک رۆژی کۆتاییھاتنی دیکتاتۆری و ملھوڕی و کلتوری سڕینەوە و یەکتر قبوڵنەکردن سەیر بکەین، ھەر کەس و حیزب و لایەنێک بیر لە سڕینەوە و لەناوبردنی ئەوانی تر بکاتەوە، بیر لەوە بکاتەوە رۆژێک ببێتە دیکتاتۆر و حاکمی موتڵەق، ئەوا بە دڵنیاییەوە رۆژێک کۆتایی دێت، کە واتە با ھەمووان بۆ ھەمیشە بیری یەکتر سڕینەوە و یەکتر قبوڵنەکردن لە مێشک و خەیاڵی خۆیان فڕێ بدەن و ئاشتەوایی و رێککەوتنی نیشتمانی بێنە ئاراوە.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكردووە: گەل حکومڕانی باشی دەوێت، گەل تەنیا پشتگیری لەو حکومەتە دەکات کە خزمەتگوزاری خەڵک بێت، خۆشی وەک کەسێک کە بەشێکی بەرچاوی گەلەکەی متمانەی پێداوەجارێکی تر دووبارەی دەکاتەوە کە بە ھەموو ھێز و توانایەوە ھەوڵ دەدات بۆ دروستکردنی حکومڕانییەکی خزمەتگوزاری خەڵک، ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی خەڵک شانازی بە حکومڕانییەکەیان بکەن و داکۆکی لێ بکەن.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی یادی کەوتنی رژێمی بەعس.
9ی نیسان لای من تەنیا رۆژی کەوتنی بەعس و کەوتنی دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژی وەک سەدام حسێن نییە، بەڵکو 9ی نیسان لای من ئەم واتایانەی ھەیە:
_ کورد ھەمیشە لە سەر حەق بووە، کورد لە یەکەم رۆژەوە تا دواین رۆژی تەمەنی بەعس دژی سەدام و رژێمەکەی وەستایەوە، باجەکەشیمان بە ھەزاران شەھید دا، بە دۆزەخی ھەڵەبجە و ئەنفال و کیمیاباراندا تێپەڕبووین، بەڵام دواجار ئێمەی کورد سەرکەوتین و بەعس و سەدام کۆتاییان ھات، ئێمە لەسەر حەقین و ھەمیشە خواستەکانی گەلی کورد سەردەکەوێت، بۆیە با چیتر نە لە ئێستا و نە لە داھاتووشدا کەس دژایەتی خواست و داواکانی کورد نەکات، چونکە حوکمی مێژووە خواستی کورد سەردەکەوێت.
_ دەبێت رۆژی 9ی نیسان وەک رۆژی کۆتاییھاتنی دیکتاتۆری و ملھوڕی و کلتوری سڕینەوە و یەکتر قبوڵنەکردن سەیر بکەین، ھەر کەس و حیزب و لایەنێک بیر لە سڕینەوە و لەناوبردنی ئەوانی تر بکاتەوە، بیر لەوە بکاتەوە رۆژێک ببێتە دیکتاتۆر و حاکمی موتڵەق، ئەوا بە دڵنیاییەوە رۆژێک کۆتایی دێت، کە واتە با ھەموومان بۆ ھەمیشە بیری یەکتر سڕینەوە و یەکتر قبوڵنەکردن لە مێشک و خەیاڵی خۆمان فڕێ بدەین و ئاشتەوایی و رێککەوتنی نیشتمانی بێنینە ئاراوە.
_ 9ی نیسان بە واتای ئەوە دێت کە گەل حکومڕانی باشی دەوێت، گەل تەنیا پشتگیری لەو حکومەتە دەکات کە خزمەتگوزاری خەڵک بێت، من وەک کەسێک کە بەشێکی بەرچاوی گەلەکەم متمانەی پێداوم جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە کە بە ھەموو ھێز و توانامەوە ھەوڵ دەدەم بۆ دروستکردنی حکومڕانییەکی خزمەتگوزاری خەڵک، ھەوڵ دەدەم بۆ ئەوەی خەڵک شانازی بە حکومڕانییەکەیان بکەن و داکۆکی لێ بکەن، نەک ئەو حکومڕانییەی خەڵک بە رووخانی دڵخۆش بن، من زۆر باش تێدەگەم لەوەی خەڵک گلەییان لە حکومڕانی خۆمان ھەیە و مافی خۆشیانە، بەڵام ھەموو ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە کە ھەموو ھەوڵی من بۆ ئەوەیە حکومڕانییەکی باش دروست بکەین کە شایستەی ئەو دەریا خوێنە بێت کە کورد لە پێناوی ئازادی و بەختەوەریدا بەختی کردووە.
_ 9ی نیسان بۆ من وەبیرھێنەرەوەی دڵۆپ بە دڵۆپ خوێنی شەھیدەکانمانە، وەبیرھێنەرەوەی ھەموو ئەو ئازارانەیە گەلەکەمان بە دەست ستەمی دەسەڵاتی بەعسەوە بینی بۆ ئەوەی بە ئازادی و بەختەوەری بگات، 9ی نیسان ئەو ساتە وەختەیە کە خوێنی شەھیدەکانمان بەرھەمیدا، راستە ھێشتا بە بەختەوەری نەگەیشتووین، راستە کەمووکوڕیمان ھەبووە، بەڵام من وەک یەکێک لە خۆتان بەڵێن دەدەم و سوێند بە دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەھیدەکانمان و بە سات بە ساتی ئازارەکانی تاک بە تاکی ھاوڵاتییەکانم دەخۆم بۆ ساتێکیش ئامانجەکانتان لەبیر ناکەم و بە ھەموو ھێز و توانامەوە بۆ پێشخستنی وەڵات تێدەکۆشم، بەڵام داوایەکیشم ھەیە ئەویش ئەوەیە با لە ئاست ھاشوھوشی موزایدەچییەکاندا وشیاربین، ھەر ئەو موزایدەچیانەی دەیانەوێت سەدامی گەورە تاوانباری مێژوو، سەدامی ئەنفال و کیمیاباران لە بەرچاوی خەڵک بکەنە پیاوچاک.
ھەموومان پێکەوە وڵاتەکەمان پێش دەخەین، ھەموومان پێکەوە کوردستان دەکەین بە نیشتمان ھەمووان.