“مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد بیرمەندێکی سیاسی و رێبەرێکی مەزن بوو”

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد، لە ھۆڵی تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی، مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو و شاناز ئیبراھیم ئەحمەدیش لە وتارێکیدا ئەنجامدانی 3 پڕۆژەی کەلتووری و ئەدەبی راگەیاند.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە مەراسیمەکەدا وتاری (ئیبراھیم ئەحمەد فاوندەیشن)ی پێشکەشکرد و رایگەیاند: رێکەوتی 8ی 4ی ھەموو ساڵێک بەبیرھێنانەوەی رۆژێکی پڕ ئازار و غەمناکە، بەڵام ئامادەبوونی ئێوە و وەفای بێوێنەتان نەک ھەر خەمەکانمان دەڕەوێنێتەوە، بەڵکو ھەستێکی پڕ شانازیمان پێدەبەخشێت و سوورترمان دەکات لەسەر فکر و رێبازی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد رایگەیاند: سەختە بەخێرایی ھەڵسەنگاندن بۆ خەسڵەتەکانی تایبەتمەندی فکری سیاسی و ئەدەبی و سۆرشگێری مامۆستا بکەین، بەڵام پاڵپشت بە مێژووی بە بۆچوونی مێژووناسان و شاھیدەکان و بەڵگەکان و بەرھەمەکانی خۆی، کە مامۆستا ئیبراھیم بە ھەق دادوەر و پارێزەر و رۆژنامەنووسێکی لێھاتوو و شاعیر و نووسەر و رۆشنبیر و بیرمەندێکی سیاسی و رێبەرێکی مەزنی قۆناغەکانی ھەستیاری شۆڕشی کورد بووە.

وتیشی: ساڵانە رێکخراوی ئیبراھیم ئەحمەد فاوەندەیشن خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشێتە چەند کەسایەتییەکی ماندوو لە چین و توێژە جیاوازەکان، چونکە مامۆستا بڕوای بەبەشداری کارای سەرجەم چین و توێژەکان ھەبووە.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە وتارەکەیدا 3 پڕۆژەی ئیبراھیم ئەحمەد فاوندەیشنی راگەیاند، ئەوانیش کردنەوەی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە بۆ لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەی بەڵگەنامە و  ئەرشیفی مێژوویی، لەو بارەیەوە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد رایگەیاند: دڵنیام ناوەندەکە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بۆ راستکردنەوەی ھەڵە گەورەکانی مێژوو. وتیشی: “زانیاریی پێویست لە کردنەوەی ناوەندەکەدا دەخەینەروو”.

پڕۆژەی دووھەم چاپکردنی کۆبەرھەمی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدە، ھەرچەندە زۆربەی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە تەواوبوون، بەڵام لەبەر ئەوەی چەند دەقێک ساغنەکراونەتەوە و بە ناوی خوازراوەوە نووسراون، ھێشتا پرۆژەکە کارکردنی ماوە، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە وتارەکەیدا ئاشکراشیکرد، چیرۆکێکی تەواونەکراوی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد دۆزراوەتەوە.

پڕۆژەی سێھەمیش (زەڕرەیەک لە خاکی وەتەن نادەم بە قەسری قەیسەری)یە ئەویش خۆی لە کۆکردنەوەی مشتێک خۆڵی گشت گوند و  شار و ناوچەکانی کوردستانی گەورە دەبینێتەوە و ھێنانی بۆ شاری سلێمانی، کە زۆرترین کارەکانی ئەو پڕۆژەیە ماوە و تەنیا خۆڵی چەند ناوچەیەک ماون کۆبکرێنەوە.