باندێکی “مەترسیدار” لە سلێمانی دەستبەسەرکران

بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند کە باندێکیان دەستگیرکردووە کە کاریان کوشتن و رفاندن و دزیکردن و چەندین تاوانی تر بووە لەناو شاری سلێمانی و بە باندێکی “مەترسیدار” ناویان دەبات.
 
دوا بە دوای ئەوەی ئەمڕۆ ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی چوار کەسیان راگەیاند، لە شوێنی تاوانەکەشیان تەرمی یەکێک لەو کەسانەیان دۆزییەوە کە لە لایەن ئەو باندەوە دوای رفاندن و ئازاردانی کوژراوە و لەو ناوچەیەدا لە نزیک شاری سلێمانی کراوە بەژێر خۆڵەوە، حەسەن نوری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە شوێنی تاوانەکە و دوای نیشاندانی تاوانبارەکان و ئەنجامدانی رێوشوێنی ئاشکراکردنی تاوانەکانیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دوا و وتی، “لەو کاتەوەی من لێکۆڵینەوە دەکەم و لەم دەزگایەم، گرووپی لەم شێوەیە مەترسیدارم نەبینیوە کە شەوانە لەناو شاری سلێمانی گەڕاون و ھیچیان خەڵکی شارەکە نین، سەرەتا دەستیانکردووە بە تاوانی رفاندنی پارە و جەنتای ئافرەتان، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستیانکردووە بە رفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل”.
 
هاوکات بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی وتیشی، “ئەو گرووپە زۆربەی تاوانەکانیان بە شەو ئەنجامداوە و لەگەڵ باندێکی دیکە لە خوارووی عێراق پەیوەندییان هەبووە و ئۆتۆمبێلەکانیان رەوانەی ئەوێ کردووە و فرۆشتوویایەنە، گرووپەکەی دیکەش لەو شارانەوە ئۆتۆمبێلیان رفاندووە و لە سلێمانی ئەمانی رێکاریان ئەنجامداوە”.
 
شایەنی باسە حەسەن نوری ئاماژەی بەوەس کرد کە لە زۆربەی ئەو تاوانانەدا گرووپەکە هەوڵیانداوە شوفێرەکانیش بڕفێن تا شوێن پێی تاوان بەدوای خۆیاندا بەجێ نەهێڵن، یەک لەو قوربانییانەش شوفێرێک بووە کە دوای بەرگریکردن کوشتوویانە و لەم جێگایە کراوە بە ژێر خۆڵەوە،
 
لە بەردەوامی قسەکانیدا حەسەن نوری باسی لەوەش کرد کە گرووپەکە پێشینەی تاوانیان هەیە، دوای دزرانی ئۆتۆمبێلی کچێک لە گەڕەکی بەکرەجۆ و دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەکە، ئەم گرووپە دەستگیرکران و تاوانەکانی دیکەشیان ئاشکرا کرا.
 
بەوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، ئەو باندە تا ئێستا دوو کەسیان لەناو شاری سلێمانی کوشتووە و دەیان تاوانی تری دزین و رفاندنی ئۆتۆمبێلیان ئەنجامداوە.