بازرگانان داوایەک ئاراستەی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی دەکەن

داوا دەکرێت کۆمەڵێک بەرھەمی خۆراکی کە ھاوردەی کوردستان دەکرێت لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە بێت تا خۆراکەکان تێک نەچن.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ڕۆژی ٢٠١٩/٤/٧ پێشوازیکرد لە کۆمەڵێک بازرگانانی ھاوردەکردنی خۆراک و شیرەمەنی لە ئێران و دەروازە سنوریەکانی سلێمانی.

لەکۆبونەوەکەدا بازرگانان یاداشتێکیان دایە سەرۆکی ژوور کە تیایدا داوا دەکەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانیان بکات بۆ ئەوەی ھاوردەکردنی ئەو خۆراکانە لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە بھێندرێت نەک سەرداپۆشراو.

بازرگانان ئاماژەیان بەوەدا لەساڵی ڕابدوو لەسەرەتای مانگی نیسان بە نوسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی یەکەی پشکنینی خۆراک لەباشماخ پشتگیری دەکات لەبەر سەلامەتی تەندروستی خوراک ھاوردەکردنی خۆراک بە ساردکەرەوە بێت به‌لام ئیستا لەبەر بەرژەوەندی چەند شوفیریک بریاره که یان پیچه‌وانه کردۆتەوە.

ڕاشیانگەیاند: لەروی سه لامەتی تەندروستییەوه دەبیت کومه‌لێک لەخۆراکی وه‌ک ”خوارنه‌وه گازیەکان و شەربەت و ساردی و وزەبەخش خواردەمەنی وەک جکلیت شوکلاته کیک پسکیت کریم دار نه‌سته له صاص مایونس سه‌وزه و میوه ی له قوتوکراو”، دەبیت له ئوتومبیلی بارهه لگری ساردکەرەوه دابێت. 

لای خۆشیەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: داواکاریەکانی بازرگانان لە جێگەی خۆیەتی بۆ زیاتر پاراستنی خۆراک و تەندروستی ھاووڵاتیان دەبێت ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە بگوازرێنەوە.

ڕاشیگەیاند: بازرگانان بەردەوام خۆیان ئەو خۆراکانەی پێویستی بە ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەیە بەوە گواستنەوەیان کردووە بەڵام داواکارین بۆ لەمەودوا ھەموو ئەو خۆراکانە کە بەگەرما زیانیان بەردەکەوێت بە ساردکەرەوە بھێندرێتە بازاڕەوە.

بۆ زیاتر پاراستنی خۆراک ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرمادا بڕیار دەدرێت  به‌ ھێنانی ماددە خۆراکیەکان بە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری ساردکەرەوە بگوازرێتەوە، لەمساڵدا بازرگانان تا ئێستا نیگەرانن کە کار بەو بڕیارە ناکرێت.