به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاوی دووکان زه‌ویی‌ کشتوکاڵی 15 گوندی سلێمانی نوقم ده‌کات

باران بارینی به‌رده‌وام و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی به‌نداوی دووکان زه‌ویی کشتوکاڵی 15 گوندی سلێمانی و به‌شێک له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و به‌نداوه‌ی ژێر ئاو خستووه‌ و دانیشتووانی گونده‌کانی ناچار کردووه‌ به‌ به‌له‌م هاتوچۆ بکه‌ن.

به‌هۆی باران بارینی به‌رده‌وام و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی به‌نداوی دووکانه‌وه‌ 15 گوندی بناری چیای ئاسۆس ئاسته‌نگی هاتوچۆیان بۆ دروست بوووه‌ و هه‌روه‌ها به‌هۆی نقومبوونی به‌شێکی تاوه‌ره‌کانی کاره‌باوه‌ کاره‌بای نیشتیمانیشیان لێبڕاوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێک له‌ زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانیان ژێر ئاو که‌وتووه‌.

هه‌روه‌ها نه‌بوونی پردی په‌ڕینه‌وه‌ و هاتوچۆ، دانیشتووانی ئه‌و گوندانه‌ی ناچار کردووه‌ به‌ به‌له‌م هاتوچۆ بکه‌ن که‌ ئه‌وه‌ش گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتییان و ژیانیان دروست کردووه‌.

دانیشتووانی 15 گونده‌که‌ش داوای یارمه‌تی له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیدار له‌ سلێمانی ده‌که‌ن.