بەمەبەستی كردنەوەی دەروازە سنورییەكان وەفدێكی حكومەتی عیراق سەردانی سلێمانی دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ بەمەبەستی ئامادەكردنی دواهەمین راپۆرت سەبارەت بە كردنەوەی دەروازە سنورییەكان وەفدێكی حكومەتی عیراق سەردانی سلێمانی دەكات.

لەوبارەیەوە عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی  رایگەیاند: ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەتی عیراق كە لە نوێنەرایەتی 12 وەزارەت پێكهاتوون سەردانی سلێمانی دەكات، بۆ ئامادەكردنی دواهەمین راپۆرت سەبارەت بە كردنەوەی دەروازە سنورییەكانی سەیرانبەن و پشتە و كێڵی و تەوێڵە.

وتیشی: وەفدەكە ماوەی هەفتەیەك دەمێننەوە و رۆژی یەك شەممەی داهاتوو سەردانی دەەروازە سنورییەكان بكات كە بڕیارە هەر رۆژێك سەردانی یەكێك لە دەروازەكان بكات و دوا راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق بەرزبكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاوكات لەو راپۆرتەدا یەكلایی دەكرێتەوە، ئەو دەروازە سنورییانە بە شێوەی رەسمی بكرێتەوە یان بە نێودەوڵەتی بناسێنرێن یاخود هەر بە دەروازەیەكی بازرگانی بمێننەوە.

عەمید سالار عەبدوڵا جەختی لەوەشكردەوە، دوای ئەوەی راسپاردەكان ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرا،دوا بڕیاری كردنەوەی دەروازە سنورییەكان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە دەدرێت.

وتیشی: نزیكەی كاتژمێر و نیوێكی دیكە وەفدەكە لەرێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دەگەنە شاری سلێمانی.